وەزارەتی بازرگانی: نیگەرانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانمان گەیاندووەتە حکومەتی فیدراڵ

گەنم
گەنم

K24 - هەولێر

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەریبگرێت و ئاماژە بەوە دەدات، نیگەرانی جووتیارانیان گەیاندووەتە حکومەتی فیدراڵ و چاوەڕێی بڕیارێکی فەرمین. 

ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "پاش ئەوەی وەزارەتی بازرگانی وپیشە سازی نیگەرانیەکانی جوتیارانی کوردستانی گەیاندە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە سوپاسەوە ڕەزامەندی سەرەتایی دراوە، چاوەڕوانی ڕەزامەندی فەرمین و رایانگەیاند، بۆ هەردۆنمێک زەوی دێمی (500) کیلۆ و (900)کیلۆ بۆ هەردۆنمێک زەوی ئاودرا و بەمەڕەشە وەردەگیرێت لە هەرێمی کوردستان."

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی.

هاوکات کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.

لای خۆیەوە  حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی ئەو بڕە گەنمەی کە لەلایەن جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە دەمێنێتەوە و سایلۆکان وەریناگرن، ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتوون ئەگەر گەنمی زیادە ماوە، پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکەن و، وەکو خۆی دەڵێت، مانگی داهاتوو لیژنەی وەرگرتنی گەنم کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست لەبارەی چارەنووسی ئەو بڕە گەنمەی ماوەتەوە دەدات.

رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. گوتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن.''

رۆژی چوارشەممە 24ــی ئایاری 2023، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردسستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ بڕیاروابوو ئەمساڵ حکومەتی عێراق یەک ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بەغدا رێژەکەی بۆ 375 هەزار تۆن گەنم کەمکردووەتەوە.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە ئاماژەدان بەوەی، ئەو گەنمە زیادەی دەمێنێتەوە، جووتیاران ئازادن لەوەی کە چۆن دەیفرۆشن و بە کێی دەفرۆشن. گوتیشی، بڕیارەکەی بەغدا تایبەت بە سنوردارکردنی وەرگرتنی رێژەی گەنم، کاریگەری لە نرخی بەرهەمە گەنمییەکان دەبێت لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان و نرخەکانی بە رێژەیەک بەرچاو دادابەزێت.

ساڵی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 305 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2021، بڕەکە بەراورد بە ئەمساڵ و ساڵی 2022 کەمتر بوو، چونکە حکومەتی عێراق تەنها 125 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارنی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەم شێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم.


بۆ زانینی نوێترین هەواڵ و زانیاری سەردانی تێلێگرامی کوردستان24 بکەن: تێلێگرامی کوردستان24

Fly Erbil Advertisment