ئه‌و 6 یاریزانه‌ی نرخیان زۆر هه‌رزان بووه

له وه‌رزی 2022 ـ 2023 گۆڕانكارییه‌كی زۆر به‌سه‌ر نرخی ئه‌ستێره‌كان دا هاتووه، محه‌مه‌د سه‌ڵاحی میسری و رۆمیلو لوكاكۆی به‌لجیكی پێشه‌نگی ئه‌و یاریزانانه‌یان گرتووه كه له بۆرسه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزاناندا نرخیان دابه‌زیوه.
1ـ محه‌مه‌د سه‌ڵاح:
ئه‌م هێرشبه‌ره میسرییه له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول ئه‌م وه‌رزه نه‌یتوانی بلیتی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ریزبه‌ندی شه‌شه‌م دێن ده‌بێت وه‌رزی داهاتوو له یۆرۆپالیگ یاریی بكه‌ن.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح ئه‌م وه‌رزه له كۆی 39 یاری له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 21 گۆڵ و 11 ئاسیستی كردووه، به‌مه‌ش نرخی له گواستنه‌وه‌ی یاریزانان 20 ملیۆن دابه‌زیوه و بووه 70 ملیۆن یۆرۆ.
2ـ رۆمیلو لوكاكۆ:
ئه‌م هێرشبه‌ره به‌لجیكییه له هاوینی 2022 به شێوه‌ی خواستن له چێڵسییه‌وه گه‌ڕایه‌وه ئینته‌ر میلان، ئه‌گه‌رچی ئینته‌ر به ئاستێكی به‌رز تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی پێكانه‌وه لوكاكۆ ته‌نیا به‌شداریی له 19 یاریی له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان كردووه، 5 گۆڵ و ئاسیستێكی له‌م وه‌رزه هه‌یه، به‌مه‌ش 30 ملیۆن یۆرۆ نرخی دابه‌زیوه و ئێستا له بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان نرخی له 40 ملیۆن تێناپه‌ڕێت.
3ـ جواو فیلیكس:
ئه‌م یاریزانه پۆرتوگالییه دوای ئه‌وه‌ی نێوانی له‌گه‌ڵ دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری ئاتڵێتیكۆ مه‌درید تێكچوو له گواستنه‌وه‌ی زستانه روویكرده چێڵسی و به سه‌ره‌تایه‌كی خراپ له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه تێپه‌ڕی، فیلیكس له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان ته‌نیا به‌شداریی له 9 یاری كردووه، ته‌نیا 2 گۆڵی كردووه، له یه‌كه‌مین یاریش به درێسی چێڵسی كارتی سووری وه‌رگرت، ئێستا نرخی له 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ 50 ملیۆن دابه‌زیوه، كه‌وتووه‌ته دۆخێك ئاتڵێتیكۆ مه‌درید نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه و چێڵسیش هیچ پلانێكی نییه بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه.
4ـ جه‌یدن سانچۆ:
ئه‌م یاریزانه لاوه ئینگلیزییه دوای ئه‌وه‌ی له هاوینی 2021 دۆرتمۆندی جێهێشت و روویكرده مانچێسته‌ر یونایتد، به‌ڵام له‌م وه‌رزه نه‌یتوانی شوێنی خۆی له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بكاته‌وه و ته‌نیا به‌شداریی له 14 یاریی پرێمه‌رلیگ كرد، نزیكه‌ی 20 ملیۆن یۆرۆ نرخی هه‌رزان بووه و ئێستا له بۆڕسه‌ی یاریزانان بایی 55 ملیۆن یۆرۆیه.
5ـ ئانسو فاتی:
ئه‌م هێرشبه‌ره لاوه ئیسپانییه وه‌كو شوێنگره‌وه‌ی لیۆنێل مێسی ناویان ده‌برد، به‌ڵام به‌هۆی پێكانه‌وه ئاستی له‌م وه‌رزه دابه‌زی، به‌مه‌ش 25 ملیۆن یۆرۆ نرخه‌كه‌ی دابه‌زی، ئێستا له بۆرسه‌ی یاریزانان نرخی بایی 35 ملیۆن یۆرۆیه، له كاتێكدا هاوینی رابردوو نرخه‌كه‌ی به 60 ملیۆن یۆرۆ جێگیر كرا بوو.
6ـ پۆڵ پۆگبا:
هاوینی رابردوو مانچێسته‌ر یونایتدی جێهێشت و دیسان گه‌ڕایه‌وه یوڤێنتۆس، به‌هۆی پێكانه درێژخایه‌نه‌كه‌ی به درێژایی وه‌رزه‌كه دابڕا، دوای ته‌نیا 2 یاری سه‌رله‌نوێ تووشی پێكان بووه‌وه، به‌مه‌ش ئێستا نرخی له گواستنه‌وه‌ی هاوینه بایی 20 ملیۆنه و نزیكه‌ی 48 ملیۆن یۆرۆ نرخی دابه‌زیوه.