رێگا بۆ ناردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێم بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێتەوە

K24 – بەغدا:
دوای سێ رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوامی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بڕیاردا رێگە بدرێت بە ناردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی ئایاری 2023)، زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە بەغدا وەک تیمی وەزارەت کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق کرد و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوە و توانییان دوو دەستکەتی گەورە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن.
زێدا محەممەد ئاشکرایکرد، داواکاری جووتیارانیان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رەزامەندیدرا کە رێگە بە ناردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدرێت رەوانەی شارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق بکرێت و لە سبەی پێنجشەممەوە چیتر رێگا لە ناردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناگیرێت بۆ بە نووسراوی فەرمی بازگەکان ئاگادارکراونەتەوە.
لەبارەی دەستکەوتی دووەمی سەردانەکەیان، زێدا محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، توانیویانە ئاستی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە 375 هەزار تۆنەوە بکەنە 500 هەزار تۆن
لەلایەن خۆیەوە، بەختیار حاجی، بەڕێوەبەری گشتی لەن وێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند وەزیری کشتوکاڵی عێراق واژووی لەسەر نووسراوی رێگاپێدان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان داوە کە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێت.
بەختیار حاجی گوتیشی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک قسەی کردووە بۆ ئەوەی لە سەبینەوە رێگا بەو ئۆتۆمبێلانە بدرێت کە لە بازگەکانی کەرکووک وەستاوەن و کار لەسەر ئەو بڕیارە بکرێت کە وەزیر واژووی لەسەرکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەختیار حاجی ئاماژەی بەوەشکرد، داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە کە رێگا بە ناردنی پەلەوەریش بدرێت و وەزیر رەزامەندی خۆی دەربڕیەوە و لەماوەیەکی نزیکدا دەستەی بڕیاردان لە وەزارەت کۆدەبێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدەن.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، بڕیاریانداوە رێگە بە گواستنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بدرێت وەک بەرهەمێکی ناوخۆیی.