دوو کیژی کوردی کۆبانێ لە هەولێر بە میوزیک و گۆرانی چیرۆکی کوردان دەگێڕنەوە

K24 - هەولێر:
پەروین و نورشين دوو خوشکی خەڵکی کۆبانێن و چەند ساڵێکە لە هەولێر نیشتەجێن و بەکاری هونەرییەوە سەرقاڵن.
ئەو دوو خوشکە هونەرمەندە بەهۆی هێرشەکانی داعش و دواتریش بۆردوومانی تورکیاوە، ناچاربوون رۆژئاوای کوردستان جێبهێڵن و روو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەن.
پەروین ساڵح تەمەن 20 ساڵ، ژەنیاری تەمبور و سەنتور و فلوتی ئەرمەنییە و دەڵێت: گۆرانی فۆلکلۆری کوردی دڵخوازترین جۆری میوزیکە لەلای ئێمە، ئەو گۆرانیانە دۆخ و مێژووی نالەباری کوردان و تراژیدیای ئاوارەبوونیان دەگەڕێنەوە.

ئەو دوو کیژە کوردە باس لەوە دەکەن لە خێزانێکی هونەردۆست گەورەبوون، باوکیان دەف و تەمبووری بۆ لێداون و دایکیشیان پێش خەوتن گۆرانی بۆ گوتوون.
پەروین و نورشین بە گوتەی خۆیان، هێشتا دیمەنی ترسناکی چەکدارانی داعش لەنێو بیر و هۆشیاندا ماوە و بیریان نەچووەتەوە.
نورشین کە ژەنیاری گیتار و کەمانچەیە و شارەزای پیانۆیە، دەڵێت: لە خەونیشدا داعش بەدوامەوەیە.
