بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 36 جووتیاری شارەزوور رەنج بە خەساربوون
له سنووری شارهزوور 500 دۆنم زهوی به گهنم داچێنراو سوتا
K24 - شارەزوور
500 دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراو لە گوندی کانی بەردینەی شارەزوور سوتا، کە رەنجی یەک ساڵی 36 جووتیاری ناوچەکە بوو، ئەوان باس لەوەدەکەن ئاگرەکە بەئەنقەست بووە و دوو کەس بەتۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراون، ئەمە سێیەم ساڵە لەسەر یەک ئاگر لە گەنمی جووتیارانی گوندی کانی بەردینەی شارەزوور بەردەدرێت.
کاتی دروێنەی گەنمەکەیان هاتبوو، بەڵام ئەوان فریای نەکەوتن بیدرونەوە و بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە رۆژی 2ی ئایاری 2023 تەواوی گەنمەکەی بوو بەخۆڵەمێش، جووتیاران ئەمساڵ دڵیان خۆشبوو بارانی باش باریوە و گەنمەکانیان لە ساڵانی رابردوو بەرهەمی باشترە، کەچی بەهۆی ئەو رووداوەی ئاگرکەوتنەوە 36 جووتیاری کانی بەردینە لە سنووری شارەزوور ئەمساڵ رەنج بە خەساربوون.
ناجی کانی بەردینەیی، یەکێکە لەو جووتیارانەی کە زەوییە داچێنراوەکەی بە گەنم سوتا، ئەو دەڵێ: "ئەو رووداوە زۆر ناخۆش بوو، چونکە ئەوە سەرچاوەی بژێوی ژیانی ئێمەیە".
500 دۆنم زەوی بە گەنم داچێنراو سوتا، هەر جووتیارە و بە جۆرێک باس لە رەنج و زەحمەتی بەفیڕۆچووی ئەمساڵی خۆی دەکات.
جووتیارێکی دیکە بەناوی نەوشیروان ماجید، بە کوردستان24ی گوت: "ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی گەنمان هەبوو، خەرجی زۆرمان لێکردبوو، بەداخەوە هەموو بەرهەمەکەی ئەمساڵمان لەناوچوو".