دەروازەی سنووریی پێشابوور کرایەوە

دەروازەی سنووریی پێشابوور کرایەوە
دەروازەی سنووریی پێشابوور کرایەوە

K24 - زاخۆ

دوای نزیکەی مانگێک لە داخرانی، بەیانی ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی پێشابوور لە نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا کرایەوە و، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن، پێویستە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی حوزەیرانی 2023، شەوکەت بەربەهاری، بەڕێوەبەری دەروازەی پێشابوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 09:00 بە فەرمی دەروازەی سنووریی پێشابوور لەنێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا بەڕووی خاوەن نشینگە، بازرگانان و هاتووچۆی هاووڵاتییاندا کرایەوە.

وەکو ئەوەی شەوکەت بەربهاری باسی دەکات، دەروازە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان هەردوولادا کراوەتەوە و هەر هاووڵاتییەکی باشووری کوردستان بیەوێت سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکات، پێویستە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە داواکاری پێشکەش بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، دەروازەی سنووریی پێشابوور لەنێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان داخرا و ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 25 رۆژ لە داخرانی، دەروازەکە دووبارە کرایەوە.