سندووقی دراوی نێودەوڵەتی: ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە کورتهێنان لە عێراق روودەدات

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی دارایی عێراقی دەڵێت: هێزە سیاسییەکان ئێستا پارەیان دەوێت بەبێ دواکەوتن، سندووقی دراوی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی ساڵی 2023دا بەڕێژەی لەسەدا 5 کەم دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ئۆپێک و پچڕانی بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان".

بەرپرسێکی دارایی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە "حکومەت بە وردی لێکۆڵینەوە لە راپۆرتەکانی ئەم دواییەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات، بەڵام هێزە سیاسییەکان ئێستا پارەیان دەوێت، بەبێ دواکەوتن، چونکە بیر لە دەستکەوتی کاتی دەکەنەوە".

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "لەماوەی چەند مانگی رابردوودا گەشەی ئابووری عێراق خاو بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی ساڵی 2023دا بەڕێژەی لەسەدا 5 کەم دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ئۆپێک و پچڕانی بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان".

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەگەر بەرزبوونەوەی بەرچاو لە نرخی نەوتدا نەبێت، رەنگە دۆخی دارایی ئێستا ببێتە هۆی زیادبوونی کورتهێنان و زۆربوونی فشارەکانی دارایی لە ساڵانی داهاتوودا".