جەمال کۆچەر: پێشبینی دەکەم دانیشتنی پێنجشەممەی پەرلەمان لەبارەی پەسەندکردنی بودجە بکرێت

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی رایدەگەیەنێت، کێشەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بەرەو چارەسەربوون دەچن و پێی وایە، دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێموایە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان (لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە) دەکرێت، چونکە فشاری شەقام هەیە، حکومەت چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەیە و 9ـی حوەزیران پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات، بۆیە پێویستە رۆژی پێنجشەممە پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت".

وەکو ئەوەی جەمال کۆچەر باسی دەکات، کێشەکانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای عێراق "بەرەو چارەسەربوون دەچن و ئێستا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان بکرێت".

بەگوتەی جەمال کۆچەر، ماوەی دوو سێ رۆژێکە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی چڕىوونەتەوە و ئێستا لێکتێگەییشتنێکی باش لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و ئەمشەو کۆبوونەوەیەک دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو لێکتێگەییشتنە بکرێتە چەند بڕگەیەک و شوێنی ئەو گۆڕانکارییانە بگرنەوە، کە رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023 ژمارەیەک پەرلەمانتار لە بڕگەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم و داهاتی نەوت ئەنجامیان دا.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بەو گۆڕانکارییانەوە پەسەند بکرابایە، کە هەندێک پەرلەمانتاری شیعە کردوویان، مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەبوو، بۆیە بڕیاریاندا لە کۆبوونەوەی رابردووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکشێنەوە و دەنگ بەو گۆڕانکارییانە نەدەن.

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 13:00 بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەوە خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی بکرێت. 

وەکو ئەوەی خەلیل غازی ئاماژەی پێ دا، ئەگەر ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان لایەنەکان کرا، چەند گۆڕانکارییەک لە هەردوو ماددەی 13 و 14 کە تایبەتن بە شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتی نەوتی هەرێم، دەکرێن و دواتر لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت. 

لای خۆیەوە ئامانجی هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆک فراکسیۆنەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە بکەن و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکەن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. 

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان و بەتایبەت دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان ناکرێت."

رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.

لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌پێی ئه‌م گۆڕانكاریەش پێگه‌ی ده‌ستووریی هه‌رێم وه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی ناوه‌راست و باشوور حسابی بۆ كراوە، نەک وەک هەرێمێکی دەستووری.

لە خاڵی هەشت هاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت ئەمەش واتە مەقەستی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هەمیشە تیژ و ئامادەییە.

لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.

هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.

لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکوماەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.

ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی 13 و 14ـدا هاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.