حکومەتی عێراق رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکدەخاتەوە

K24 – هەولێر:
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا، رێکار و رێنماییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل رێکدەخاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێندرێت.
بەگوێرەی راگەیاندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی 23ـەمینی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری 215ـی ساڵی 2015 تایبەت بە رێکارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، محەممەد شیاع سوودانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەنێوان فەرمانگەکانی هاتووچۆی گشتی و گومرگەکان لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئامادەکردنی پرۆژەبڕیارێک کە لەلایەن هەردوولا رێککەوتن لەسەر رێکار و رێنماییەکانی هەبێت لەپێناو گرێنتی جێبەجێکردنی.
بڕیاری 215ـی ساڵی 2015 کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکراوە، لە 13 ماددە پێکهاتووە و بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەوبارەیەوە بە ژمارەکانی (17) لە ساڵی 2005 و (297) لە ساڵی 2008 رەتکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەی گشتگیر وەک خۆی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ ناکرێت.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هاوردەکردنی هەموو ئۆتۆمبێلەکانی جۆری ساڵۆن ستەیشن و پاسی 14 نەفەری و کەمتر و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دوو تۆنی و کەمتر، کە دوو ساڵ زیاتر بەسەر دروستکردنیان تێپەڕیوە، قەدەغە دەکرێت. هەروەها ئەو پاسانەی لە 20 کەس و زیاتر دەگرن و زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر دروستکردنیان تێپەڕیوە، بە هەمان شێوە هاوردەکردنیان قەدەغەیە.
هەر لەو بڕیارەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بارهەڵگرانەی توانای هەڵگرتنیان سێ تۆن بەرەو سەرەوەیە و 10 ساڵ بەسەر مێژووی دروستکردنیان تێپەڕێوە، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێل و ئامێرانەی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بیناسازی بەکاردێن و 15 ساڵ بەسەر مێژووی دروستکردنیان تێپەڕیوە، هاوردەکردنیان قەدەغەکراوە. لەبارەی ماتۆڕسکلیشەوە، قەبارەی 125 125 سی سی و بەرەو سەرەوە تەنیا ماوەی ساڵێک بەسەر دروستکردنیدا تێپەڕبووبێت، بۆ هاوردەکردن رێگەپێدراوە.
بڕیارەکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی رێکخستنەوەی رێکار و رێنماییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ هاوتاکردنی رێکار و رێنماییەکانە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان.