هێمن سەید موراد: بەرهەمی جووتیاران پێداویستی بازاڕی ناوخۆ و عێراق پڕدەکاتەوە

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق ئەو رێژەی کە سەپاند بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەمترە لەو بەرهەمەی کە جووتیاران ساڵانە بەرهەمی دەهێنن. هەروەها دەشڵێت: " بەرهەمی جووتیاران پێداویستی بازاڕی ناوخۆ وعێراق پڕدەکاتەوە".

‌هێمن سەید موراد، بەڕیوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لە سەرەتادا حکومەتی عێراق وای راگەیاند کە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە شێوەی کراوەیی دەبێت، بەڵام دواتر پیداگربوون لەوەی کە تەنیا 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

ئەو بەڕێوەبە گشتییە راشیگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، هاتە سەر هێل بۆ بەدواداچوون بە داواکارییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی کرد بە فوئاد حوسێن، وەک سەرۆک لیژنەی ئابووری عێراق و هەروەها وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستانی راسپارد شاندێک بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی ئەم پرسە بنێرنە بەغدا، لە ئەنجامدا رێژەی وەرگرتنی گەنمەکە لە 375 هەزار تۆنەوە بوو بە 500 هەزار تۆن.

‌هێمن سەید موراد، گوتی: بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە بەرزبووبەوەدایە و رۆژانە 100 بارهەڵگر لە بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت.

دەشڵێت: "بەرهەمی جووتیاران پێداویستی بازاڕی ناوخۆ وعێراق پڕدەکاتەوە".

رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستیپێکرد و پڕۆسەکە بەردەوامە. حەیدەر نووری، بەرێوەبەری بەبازارکردنی دانەوێلە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق رۆژانە تا کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کراوەیی دەمێننەوە و گەنمی جووتیاران وەردەگرن. 

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 40 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و  دوای ئەوەی جووتیارەکان گەنمیان رادەستدەکەن، شاییستە داراییەکانیان پێ دەدەرێت و، ئەوانەی لە رۆژانی داهاتووشدا گەنم رادەست دەکەن، بەهەمان شێوە پارەکەیان وەردەگرن و ناهێڵن مافیان بخۆرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڕیاریدابوو بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ 120 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای هەولێر، 113 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆک و 142 هەزار تۆنیش لە پارێزگای سلێمانی.

Fly Erbil Advertisment