زەردەشت عەبدولخالق سەرسام: بەهۆی نەبوونی کارەبای پێویست بۆ بیرەکانی ئاو کێشەی کەم ئاوی سەریهەڵداوە

زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوڕۆی هەولێر
زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوڕۆی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوڕۆی هەولێر، رایگەیاند، کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر لەو چەند رۆژەی رابردوو بە هۆی نەبوونی کارەبای پێویستبوو بۆ بیرەکانی ئاو.

زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوڕۆی هەولێر، رایگەیاند، ساڵانە لە وەرزی هاوین تووشی کەم ئاوی دەبین، ئەمساڵیش بەهۆی نەبارینی بارانی پێویست ئاوی ژێر زەوی دابازیوە و کەمبووەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، بەهۆی کەمی کارەبا لەو چەند رۆژەی رابردوودا هۆکاری سەرەکی کەمی ئاو بووە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، چونکە %50ــی شاری هەولێر پشت بە ئاوی بیر دەبەستیت، کەمی کارەبا و بوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە بیرەکانی ئاو بووەتە هۆکاری کەم ئاوی.

باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی کەم ئاوی، نەبارینی بڕی پێویستی باران بوو لەمساڵدا، ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی.

زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، دەشڵێت: دڵنیایی تەواو دەدەینە هاووڵاتییانمان کە ئەوەی لە توانامندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو کەموکورتیانە نەهێڵێن و گرفتی بیرەکان چارەسەربکەین، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە زیادکردنی بۆڕی و گۆڕینی ماتۆڕەکان و هەر چی دیکەی پێویست بوو بۆی ئەنجامدەدەین.

هەروەها گوتیشی: "ئەو گەڕەکانەی کە هەژارنشینن، بڕیارمانداوە، راستەوخۆ کارەبای مۆلیدە بۆ بیرە ئاوەکانی ئەو گەڕەکانە رابکێشین، بۆ ئەوەی بڕی کارەبای پێویست بۆ بیرە ئاوەکان دابینبکرێت و چی دیکە هاووڵاتییانمان بێ ئاو نەبن".

Fly Erbil Advertisment