داوادەکرێت خوێندنی ئینگلیزی لە قوتابخانەکانی ئەڵمانیا هەڵبوەشێنرێتەوە
K24 – هەولێر
هاینز پیتەر مایدینگەر، سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئەڵمانی رایگەیاند، پێویستە وانەکانی ئینگلیزی لە قوتابخانە سەرەتاییەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە راپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە چارەکێک لە منداڵانی تەمەن چوار ساڵ لە ئەڵمانیا ناتوانن بە باشی بخوێننەوە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی لە ئەڵمانیا لەخوێندنەوەدا لە زۆرێک لە هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتانی دیکەدا خراپترن.
تاقیکردنەوەی IQB کە زنجیرەیەکی دیکەی تاقیکردنەوەی ئاساییە لەنێوان خوێندکارانی پۆلی چوارەمدا، هەروەها ساڵی رابردوو دەریخست کە ئەڵمانیا لە ساڵانی رابردوودا لە بیرکاری بنەڕەتی و توانای زمانی ئەڵمانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو دواکەوتووە.
مایدینگەر دەڵێت، رەنگە وانەکانی ئینگلیزی لە هەندێک قوتابخانەدا مانای هەبێت، "بەڵام ئێمە پۆلیشمان هەیە کە لەسەدا 70، 80 و 90ی ئەو منداڵانەیان تێدایە کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە و بەئەستەم زانیاریی تەواویان لە زمانی ئەڵمانیدا هەیە".
مایدینگەر گوتیشی: ئەولەویەتدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی هەڵەیە، ئەو زانیاریانەی کە خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی فێری دەبن ئەوەندە جیاوازە، رەنگە لە قۆناغی ناوەندیدا هەموویان دەبێت لە سفرەوە دەست پێبکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "قوتابخانە سەرەتاییەکان بەدەست کەمی بودجەوە دەناڵینن، ئەرکەکانیان قورسە و کارکردن بۆ فێرکردنی خوێندنی سەرەتایی قورسە.