ئه‌گوێرۆ هۆكاری رۆیشتنی مێسی بۆ ئینته‌ر میامی ئاشكرا ده‌كات

سێرخیۆ ئه‌گوێرۆ هێرشبه‌ری پێشووی بارسێلۆنا
سێرخیۆ ئه‌گوێرۆ هێرشبه‌ری پێشووی بارسێلۆنا

سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌كانی بارسێلۆنا و مانچستەر سیتی و هاوڕێی نزیکی لیۆنێل مێسی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ مێسی بڕیارێكی دروستی دا به‌ره‌و خولی ئه‌مریكا رۆیشت.

ئەگوێرۆ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ـی ئیسپانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ مێسی ته‌مه‌نی داهاتووی زیاتر بۆ چێژوه‌رگرتن به‌سه‌رده‌بات نه‌ك مانه‌وه‌ له‌ لوتكه‌. گوتیشی: لێره‌وه‌ ئامۆژگارییه‌ك بۆ مێسی ده‌نێرم و پێی ده‌ڵێم: چێژ وه‌ربگره‌ و ته‌نیا بۆ ئێستا بژی و خۆت دووربگره‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كان.

ئه‌گوێرۆ كه‌ ته‌نیا 3 مانگ یاریی بۆ بارسێلۆنا كرد پێش ئه‌وه‌ی نه‌خۆش بكه‌وێت و واز له‌ یاریكردن بهێنێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: من ته‌نیا 3 مانگ له‌ بارسێلۆنا بووم، به‌ڵام سوێند ده‌خۆم هاوتای 10 ساڵ بوو، پڕیان كردم له‌ سۆز و خۆشه‌ویستی و هه‌رگیز خه‌ڵكی بارسێلۆنا له‌بیر ناكه‌م.

ئه‌گوێرۆ گوتیشی: مێسی بارسێلۆنای خۆشده‌وێت، به‌ڵام زۆر قورسە ساڵانێکی زۆر لە لوتکەدا بمێنیتەوە، پێموایه‌ بڕیارێكی دروستی داوه‌ و ده‌یه‌وێت له‌مه‌ودوا به‌ ئارامی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی بژیت.

هێرشبه‌ر ئارجێنتیناییه‌كه‌ ئاماژەی بەوەشکرد، بێگومان زۆر خۆش ده‌بوو ئه‌گه‌ر مێسی سه‌رله‌نوێ گه‌ڕابایه‌وه‌ بارسێلۆنا و هه‌ر له‌و یانه‌یه‌ وازی له‌ یاریكردن هێنابا هاوشێوه‌ی بوسکێتس و چاڤی و ئینێستا و جۆردی ئەلبا و زۆرێک لەوانەی ئێره‌ كه‌ به‌ جوانی ماڵئاواییان له‌ یانه‌كه‌ كرد.

ئه‌گوێرۆ له‌ كۆتاییدا رایگه‌یاند بڕیاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی بۆ بارسێلۆنا ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو مێسی نه‌یویست چاوه‌ڕێی بارسێلۆنا بكات، بۆیه‌ ئینته‌ر میامی هه‌ڵبژارد، دڵخۆشم كه‌ چووه‌ته‌ ئه‌و شاره‌، چونكه‌ منیش له‌وێ ده‌ژیم و له‌و شاره‌ چاوه‌ڕێی لیۆ مێسی ده‌كه‌م.

 

Fly Erbil Advertisment