سۆنیا هیوا: من عاشقی شانۆ بوومە و بێ هونەریش ژیان هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە

سۆنیا ھیوا، شانۆکار
سۆنیا ھیوا، شانۆکار

K24 – هەولێر:

"سۆنیا ھیوا"، شانۆکار کە وەک ئەکتەرێکی خاوەن ئەزموون لە شانۆگەریی (ئافرەت لە دۆزەخ)ـدا دەرکەوت و بە رۆڵگێڕانەکەی ژان و ئازاری ئافرەتی کوردی لەسەر تەختی شانۆدا نیشانی بینەردا، پاشان بەشداربوو لە چەندین کاری دیکەی شانۆیی دا و ئێستاش بەشێوەیەکی ئەکادیمی کار بۆ چەند بەرھەمێکی دیکە دەکات.

سۆنیا هیوا، شانۆکار، پەنجە دەخاتە سەر ئاستەنگەکانی ئافرەت لە نێو شانۆ و ھونەردا، لەوبارەیەوە بە کوردستان24ــی راگەیاند، بڕیارمداوە گوێ بە ھیچ تانە و توانجێک نەدەم، کە رووبەڕووم دەبنەوە و دەیانەوێ لە دنیای جوانی ھونەردا داببڕێم، بگرە رەخنە و توانجەکانی ئەوان واملێدەکات ھێندەی دیکە بەھێزبم.

ھاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دوای دابڕانێکی کورت لە شانۆ ئێستا خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ چەند پڕۆژەیەکی نوێ و دەیەوێ بە سوپرایز بێتەوە سەر تەختی شانۆی ھەولێر.

ئەو شانۆکارە کوردە، لەبارەی دابڕانی لە کاری شانۆیی، گوتی، "ماوەی دوو ساڵە بەھۆی چەند گرفتێک و سەرقاڵ بوون بە کارێکی تایبەوە وچانێکم لە شانۆ و ھونەر وەگرت و پاشان گەڕامەوە نێو باوەشی ھونەرەکەم و ئیتر بە تەواوەتی بۆ ھونەرەکەم دەژیم و خۆم بۆ چەند کارێکی نوێی شانۆیی ئامادەکردووە".

گوتیشی: "لە شانۆگەری (ئافرەت لە دۆزەخ)، ئەزموونێکی نوێ و بەرھەمێکی گەورە و بەپێزم بوو، کە ژانی ئافرەتی کوردی لەسەر تەختی شانۆدا گەیاند بە خەڵک، لەو بەرھەمەشدا من وەک کچە ئەکتەرێک بە تەواوەتی چووبوومەوە نێو قوڵایی کارە شانۆییەکە و ھەستم بە ئازارەکانی ژنانی کورد دەکرد، ھەر ئەو بەرھەمەش وایلێکردم، کە بکەومە داوی عەشقێکی گەورە لەگەڵ شانۆدا و لە دوای ئەویشدا چەند بەرھەمێکی دیکەمان لەگەڵ گرووپی ئافرەتانی دۆزەخ پێشکەش کرد دیارترینیشان کارەساتی ھەڵەبجە بوو لە نێو باغی شاردا نمایشمان کرد".

سەبارەت بە رووبەڕووبونەوەی تانە و توانج لەسەر تەختی شانۆدا، سۆنیا هیوا، رایگەیاند، "دەیان جار تووشی تانە و توانجی زۆر بوومەتەوە، بەڵام من ھەرگیز گوێیان پێنادەم و بگرە وایلێکردووم، کە بەھێزبم و زیاتر پشت بە تواناکانی خۆم ببەستم و من ھونەرەکەم بە قسەی رووت ناگۆڕمەوە، ئەگەر بەراوردێکیش بکەین لە چاو جاران ئێستا تا رادەیەک توانج و ناوزڕاندنی ئافرەتی شانۆکار کەمتر بووەتەوە، ھیوادارم بیریان کراوەبێت و لە نرخی ماندووبوونی ئافرەتانی شانۆ کەم نەکەنەوە".

ئەو شانۆکارە کوردە، سەرسامی خۆی بە هەر یەکە لە شانۆکاران گەزیزە عومەر، تەلار هیرانی، سوهام حەسەن و شیلان عەبدوڵڵا دەربڕی و گوتی: "ئەوانە پێشەنگی ئافرەتانی کوردن لە بواری شانۆدا و ھەمیشە بە رۆڵ و کارە ھونەرییەکانیان سەرسامم".

سۆنیا هیوا، ئاماژەی  بەوەدا، شانۆ لەلای عەشقێکی بێ سنوورە و دەشڵێت: "دەتوانم بڵێم وەک جەرگ و منداڵی خۆم تێکەڵی خۆشەویستی ھونەر بوومە و ئێستایش لەگەڵ ئەو عەشقە بەردەوامم، گەر ھونەر نەبێت ژیان ھیچ مانایەکی ئەوتۆی بۆ نامێنێتەوە".

ئەو شانۆکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، "ھەموو خۆشیەکانی ژیانم پەیوەستن بە کارە شانۆییەکانم، تەنانەت ئەو رۆژانەی کە دەچمە سەر تەختی شانۆ و دەست لە ملانێی بەرھەمێکی شانۆیی نوێ دەکەم، چاوەکانم پڕ دەبن لە فرمێسکی شادی، چونکە توانا و ھێز و بوێری ئافرەت تەنیا لەسەر ئەو سەکۆیەدا دەردەکەوێت و گڕوتینێک بە منی شانۆکار دەدات، کە لەبەردەم ئاستەنگەکانی ژیان چۆک دانەدەم و ھەمیشە بەھێز دەرکەوم".

لەبارەی ماچی ناودەم لە سینەمای کوردیدا، سۆنیا هیوا، دەڵێت: "پێموایە گەر بمانەوێ ھەنگاوی نوێ بنێین و شانۆ بە فۆرمێکی نوێ کار بکات، با ئەو ماچەش بوونی ھەبێت، بەڵام زێدەڕۆیی تێدا نەکرێت و نەبێت بە مەسەلەیەک بۆ راکێشانی بینەری شانۆ و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی لاوازی کارە ھونەرییەکان".

سەبارەت بە رۆڵگێرانی وەک ئافرەتێکی ورووژێنەر، ئەو شانۆکارە کوردە، گوتی، ھەر رۆڵێک کە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی کوردی دا بگونجێت ئامادەم، لە پێناو شانۆشدا رەنگە ئامادەییم تێدابێت بۆ بەرجەستە کردنی ھەموو جۆرە رۆڵێک.

Fly Erbil Advertisment