گوتەبێژی حکومەتی عێراق بۆ کوردستان24: سەردانی میری قەتەر بۆ بەغدا رەهەندی سیاسی و ئابووری هەیە

تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر
تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر

K24 - هەولێر

 سبەی تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر سەدانی بەغدا دەکات و حکومەتی عێراقیش دەڵێت، سەردانەکە "رەهەندی سیاسی و ئابووری هەیە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر سەردانی بەغدا دەکات.

بەگوتەی باسم عەوادی، میری قەتەر لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کۆدەبێتەوە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، سەردانەکەی میری قەتەر بۆ عێراق "رەهەندی سیاسی و ئابووریی گرنگی هەیە" و لە کۆبوونەوەکاندا دۆسیەکانی تایبەت بە سیاسەت و ئاسایشی ناوچەکە و ژمارەیەک دۆسیەی دیکەی جێگەی گرنگی و بەرژەوەندی هەردوو وڵات تاوتوێدەکرێن.

قەتەر یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و وزەی عێراق دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا و لەسەرەتای مانگی رابردوو، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەدەستهێنانی پشکی 25% لە پرۆژەی یەکگرتوی گەشەی غاز (GGIP) کە پڕۆژەیەکی چەند ملیار دۆلارییە و ئامانجی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی سروشتی عێراقە.

Fly Erbil Advertisment