مەولوود سابیر: بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە فەرمانبەری بندیوار و دوو مووچەیی ناهێڵێت

K24 - هەولێر:
بەرێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچە زۆر گرنگە دەبێتە هۆی نەمانی فەرمانبەری بندیوار و نەمانی دوو مووچەیی، جەختیشیکردەوە لە گەڕانەوەی متمانەی نێوان هاووڵاتی و بانک.
مەولوود سابیر، بەرێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانەی نێوان هاووڵاتی و بانک، هەروەها مووچەی هاووڵاتی مسۆگەر دەبێت و نافەوتێت.
هەروەها راشیگەیاند، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە فەرمانبەری بندیوار و دوو مووچەیی ناهێڵێت.
بەرێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، "بانکی ئەهلی تەواوکەری بانکی حکومییە، لە هەموو دنیا وایە سیستمی ئەلێکترۆنی تەنها بە کەرتی گشتی ناکرێت، بەڵکو بە کەرتی تایبەت و گشتی پێکەوە دەکرێت بە هاوبەشی".
باسی لەوەشکرد، بانکی ئەهلی رۆڵێکی باڵا دەبینێت لە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی مووچەی فەرمانبەران بە ناوی "هەژماری من".
گوتیشی: "پێویستمان بە ڕێژەکی زۆر لە بانکی ئەهلی و ئامێری پارە ڕاکێشانی ئەلیکترۆنی (ATM) هەیە، هەروەها هەوڵێک هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەک پیکهێنراوە کە دەیانەوێت بانکە ئەهلییەکان زیاد بکرێن".
لەبارەی بانکی نیشتمان، مەولوود سابیر، رایگەیاند، "رێکارەکانی بانکی نیشتمان لە قۆناغی کۆتاییدایە، سەردانی بەغدامان کرد لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری کۆبوونەوەمان کرد، دەسەڵاتیان دا بە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکان تەواو بکرێن، بەراییەکان رەوانەی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی بازرگانی عێراق بکرێن، بۆ ئەوەی مۆڵەتی کردنەوەی بانکەکەمان پێبدەن، لە ئایندەکی نزیکدا ئەم بانکە دادەمەزرێت".
هەروەها راشیگەیاند، بانکی نیشتیمان بە مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراق دادەمەزرێت، "بۆیە کە دامەزرا ئێمە سوودمەند دەبین لە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیداتە بانکی (رەشید و رافیدەین)".
سەبارەت بە پێدانی پێشینە و قەرز لە بانکەکان بە هاووڵاتییان، بەرێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە، بەهۆی ئەلیکترۆنیکردنی مووچەوە، هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە وەرگرتنی پێشینە و قەرز وەربگرن، بەو شێوازەی کە خۆیان دەیانەوێت.