نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە مووسڵ گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە

K24 – نەینەوا:

بەهۆی رووخاندنی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە، هاووڵاتیان بەهۆی نەبوونی ئامێری چارەسەر و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە روو لە شارەکانی باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.

ژمارەیەک چالاکوانی شاری مووسڵ گردبوونەوەکیان ئەنجامدا و رایانگەیاند، بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لەشارەکەدا نەخۆشانی شێرپەنجە بە ناچاری روو لە شارەکانی باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرانی دارایی بۆ توشبووانی شێرپەنجە.

محەممەد، حەسەن، تووشبوویەکی شێرپەنجە، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی: لە مووسڵ ئامێری تیشکی لێزەر هەیە بەڵام بەکاری ناهێنن بۆ چارەسەر، ناچاریان کردووین بۆوەرگرتنی چارەسەر روو لە شارەکانی دیکەی عێراق بکەین.

محەممەد فرات، بەپرسی بەشی تەکنیکی لە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە مووسڵ، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەهۆکاری رووخانی نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە سەردەمی داعشدا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری مووسڵ شوێنێکی بچووک تەرخانکراوە تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە، بەڵام ئامێری چارەسەر و دەرمانی پێیوسیتیان نییە کە بەشی نەخۆشەکان بکات، بۆیە نەخۆشەکان بە ناچاری روو لە شارەکانی دیکەی عێراق دەکەن.

بە گوێرەی ئامارێک کە دەست کوردستان24، کەوتووە، تەنیا لە مانگی رابردوودا 194 حاڵەتی تووشبووی شێرپەنجە لە مووسڵ تۆمارکراوە و ژمارەی توشبووەکانی شێرپەنجە لە پارێزگای مووسڵ نزیکی حەوت هەزار توشبوو دەبێت.