لە غەززە رۆژانە نزیکەی 218 منداڵ لەدایک دەبن

منداڵێکی تازە لە دایکبوو لە غەززە (وێنە: نەتەوە یەکگرتووەکان)
منداڵێکی تازە لە دایکبوو لە غەززە (وێنە: نەتەوە یەکگرتووەکان)

 وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە تۆمارکردنی شەش هەزار و 745 منداڵی تازەلەدایکبووی لە مانگێکدا راگەیاند، ئەمەش بەرزترین ئاماری مانگانەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، یەکەی زانیارییە تەندروستییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، کەرتەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026ـدا شەش هەزار و 745 منداڵی تازەلەدایکبووی تۆمار کردووە، بە تێکڕای رۆژانەی نزیکەی 218 منداڵ.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، 33%ـی منداڵەکان یەکەم منداڵی دایکەکانیان بوونە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی مانگانەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تۆمار کرابێت.

بەپێی ئەو داتایانەی یەکەکە بڵاوی کردوونەتەوە، ژمارەی لەدایکبوون بە رێژەی 3.6% بەراورد بە مانگی ئەیلوولی رابردوو زیادی کردووە، ئەمەش بەردەوامیی هەڵکشانی ئاماری منداڵانی تازەلەدایکبوو لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026ـدا نیشان دەدات.

سەرەتای ئەمساڵ لە مانگی کانوونی دووەمدا پێنج هەزار و 204 منداڵ تۆمار کراون، پێش ئەوەی ژمارەکە دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و لە مانگی نیساندا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی بە تۆمارکردنی دوو هەزار و چوار منداڵ، دواتر لە مانگەکانی هاویندا ژمارەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرز بووەتەوە تا لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە لووتکە و شەش هەزار و 745 منداڵ تۆمار کراون.

ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداریی تەندروستی دەربارەی دۆخی دایکان و منداڵانی تازەلەدایکبوو لە کەرتی غەززە زیاتر بووە. هاوکات  وەزارەتی تەندروستیی غەززە هۆشداریی داوە لە نەمانی یەکجاریی پۆشاک و پێداویستییە پزیشکییەکان کە هەڕەشەی وەستانی نەشتەرگەرییەکان دەکەن.

لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تا ئێستا، شەڕ و ململانێکان لە کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 74 هەزار و 736 کەس، برینداربوونی زیاتر لە 176 هەزار و 194 کەس و وێرانبوونی نزیکەی 90%ـی ژێرخانی کەرتەکە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا سێ هەزار و 958 لەبارچوونی منداڵ تۆمار کراون کە زیاتر لە سێ هێندەی نیوەی دووەمی ساڵی 2025ـە و 7.2%ـی ئافرەتانی دووگیان و شیردەریش بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن.