نادر بابەکر: لە هەولێر پلانی دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی نوێمان هەیە

نادر بابەکر، بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر
نادر بابەکر، بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر

K24 – هەولێر:

بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە رووی شوێنەوارییەوە زۆر دەوڵەمەندە. هاوکات گوتیشی: لە هەولێر پلانی دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی نوێمان هەیە.

ئەمڕۆ شەممە(17ــی حوزەیرانی 2023)، نادر بابەکر، بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لەگەڵ زیار لە 60 ناوەند و زانکۆی بیانی یاداشت و لێکتێگەشتن و گرێبەستمان هەیە و لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

راشیگەیاند، لە سنووری پارێزگاری هەولێر 10 تیمی بیانی کار دەکەن، هەروەها کارکردنی تیمە بیانەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستانە بە جیهانی دەرەوە.

بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە لە رووی شوێنەوارییەوە، بۆیە تیمە بیانییەکان روویان لە هەرێـمی کوردستان کردووە.

نادر بابەکر، باسی لەوەشکرد، لە بواری لێکۆڵینەوەی شوێنەواری هەرێمی کوردستان قۆناغێکی زۆر باشی بڕیووە.

بەرێوەبەری شوێنەواری هەولێر، گوتی: بەپێیی ئاماری رێکخراوی گەشتیاری جیهانی %37ـی ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ مەبەستی بینینی شوێنەوارەکانیەتی، ئەم رێژەیەش بەردەوام روو لە زیادبوونە.

گوتیشی: "لە هەولێر پلانی دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی نوێمان هەیە، هەروەها دەبێت زیاتر گرنگی بە ناساندی شوێنەوارەکانمان بدەین، چونکە شوێنەوار  بەشێکی زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتنی وڵات".

نادر بابەکر، روونیکردەوە، لە دەشتی هەولێر لەگەڵ زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی ئێمە رووپێوی شوێنەواریمان ئەنجامداوە تاکو ئیستا 873 شوێنی شوێنەوارییمان تۆمارکردووە، هەروەها بە گشتی زیاتر لە 1200 ناوچەی شوێنەواریمان هەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر تاکو شاخی سپیلک.