هونەرمەندێک کورد پەیکەرێکی نوێی بۆ حەسەن زیرەک دروست کرد
K24 - هەولێر:
هونەرمەندی پەیکەرساز (بەشیر ناسڕی)، دوای کۆتاییهێنان بە زنجیرەیەک پەیکەری ناوازە بۆ کەسایەتیە گەورەکانی نێو ئەدەب و رۆمان و شیعری کوردی، ئێستا کۆتایی هێناوە بە پەیکەرێکی نوێ بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیک لە فێرگەیەکی هونەری بۆکان دابنرێت.
پەیکەرەکە بە هاوکاری فێرگەی موزیکی دیلان دروستکراوە و یەکێکە لە جوانترین شاکارەکانی ئەو هونەرمەندە پەیکەرسازە، دوای دانانی زنجیرەیەک پەیکەر بۆ کەسایەتیە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی کوردی وەک "عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی، جەلادەت بەدرخان، قالە مەڕە.
بەشیر ناسڕی بە کوردستان24 راگەیاند، دوا کاری هونەریم لە بواری پەیکەرتاشیدا دروستکردنی پەیکەری حەسەن زیرەکی هونەرمەند و مامۆستای مقاماتی کوردییە، کە بووەتە سیمبولی جوانی نێو هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ماوەی تەمەنی هونەری خۆیدا گەنجینەیەکی گەورەی جێهێشتووە و توانیوویەتی بە ئاواز و دەنگی رەسەنی خۆی خزمەتێکی گەورە بە بزوتنەوەی هونەری کوردی بکات و تا بە ئەمڕۆش دەگات هونەرەکەی لە گوێچکە و دڵی هەمووماندا زیندوو.
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشدا، وەک وەفایەک بۆ خزمەت و بەخششی ئەو کەڵە هونەرمەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەستاوە بە تاشینی پەیکەرێک، کە شایستە بێت بە خزمەتی ئەو هونەرمەندە.
گوتیشی: لە ماوەی رابردوودا بۆ پەشێو و بێکەس و بەختیار عەلی و شمشاڵە بەسۆزەکەی قاله مەڕە و رۆمانووسی ناسراوی کورد بەختیار عەلی دروستکردووە، کە بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ کارم لەسەر ئەو پەیکەرانە کردووە و لەڕووی کوالێتی و بەکارهێنانی کەرەستەکاندا جیاوازن لە کاری هونەرمەندانی دیکەی ئەم بوارە، چونکە بۆ هەر پەیکەرێک وەرزێکی تەواو خەریکی دروستکردنی دەبم، تا بتوانم کارێکی ناوازە پێشکەش بکەم.