خانەی فتوای میسری: ئاساییە حاجیان چاویلکە و کاتژمێری دەستی بەکاربهێنن و زێڕ بەخۆیانەوە بکەن

وه‌ستانی حاجیانی ماڵی خودا له‌ كێوی عه‌ره‌فه‌ - ئه‌رشیڤ
وه‌ستانی حاجیانی ماڵی خودا له‌ كێوی عه‌ره‌فه‌ - ئه‌رشیڤ

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی گەشتکردنی حاجییان لە سەرتاسەری جیهان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە وڵاتی سعوودیە، خانەی فتوای میسری چەند فتوایەکی بۆ حاجییان بڵاوکردووەتەوە و لە چاوکردنی چاویلکە و لەدەستکردنی کاتژمێر و ئەڵقە بۆ پیاوان و ئافرەتانیش دەتوانن زێڕ بەخۆیانەوە بکەن.

خانەی فتوای میسری لە هەژماری تویتەری فەرمی خۆی دەقی ئەو فتوایەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو حاجیانەی ئیحرامیان پۆشیوە، رێگەپێدراوە چاویلکە، کاتژمێری دەستی و ئەڵقە لەدەست بکەن و ئافرەتانیش زێڕی ئاسایی بەخۆیانەوە بکەن، جلوبەرگی حەریر و گۆرەوی بپۆشن.

هەروەها لەبارەی دروستکردنی پەڵەپەستۆ لەسەر یەکتر لە حەجدا، خانەی فتوای میسری داوای لە حاجییان کردووەم خۆیان بەدووربگرن لە دروستبوونی حاڵەتەکانی پاڵنانی یەکتر بەهۆی قەرەباڵەغی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە شوێنەکانی ئەنجامدانی روکنەکانی حەج، تاوانە و رێگەپێدراو نییە.

فتواکانی خانەی میسری لەلای بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەنگدانەوەی دروستکردووە و کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە موسوڵمانان پێیان وایە نابێت لە حەجدا جگەلە بەستی ئیحرام، حاجییان هیچ شتێکی دیکە بپۆشن، بەشێک لە رەخنەگرانیش نموونە بە فتوای هەندێک لە زانایانی پێشتر دەهێننەوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، خانەی فتوای میسری ئاماژەی بەوەکردووە، حاجیان پێویست ناکات خۆیان سەرقاڵ بکەن بە جیاوازی فتوا و رای زانایانەوە کە لە کۆتاییدا ئەو جیاوازییە دەبێتە هۆی ئاسانکاری لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و ئاسانکردنی کاروبارەکانیان، بۆیە پێویست ناکات کارەکان لەسەر خۆیان زەحمەت بکەن ئەگەر هاتوو ئەوەی کردیان لەگەڵ رای زانایەک هاوشێوە نەبوو بەڵام لەگەڵ بنەما گشتییەکانی ئاییندا جیاواز نەبوو.

هاوکات زانایەکی ئەزهەریش وێنەگرتنی سێلفی و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لەکارتی ئەنجامدانی تەوافدا بە حەرام دەزانێت و رایگەیاندووە، تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆزدا وەک ئەوەیە نوێژ بکەیت، "ئایا دەکرێت لەناو نوێژدا مۆبایلەکەت دەربکەیت و وێنەی خۆت بگریت؟"

لە لێدوانێکدا دکتۆر ئیبراهیم رەزا، یەکێک لە زاناکانی ئەزهەر، رەخنە لەو حاجی و عومرەکارانە دەگرێت کە زۆر سەرقاڵن بە وێنەگرتن و لەکاتی ئەنجامدانی پەرستشەکانیان پشتیان دەکەنە کەعبەی پیرۆز بۆ گرتنی وێنەیەکی سێلفی.

ئەو زانا میسرییە ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەوافکردن نوێژە و نابێت لەناو نوێژدا قسە بکرێت جگەلە نزاکردن و خوێندنی زیکرەکان و دەربڕینی سوپاسگوزاری و داوای لێخۆشبوون لە خودا".

Fly Erbil Advertisment