محەممەد شوکری: دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و ناوچەکە

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کردنەوەی بڕاند و وێبسایتی ئینڤێست کوردستان رۆژێکی مێژوویە دەتوانێت کوردستان لە رووی وەبەرهێنان زیاتر بەرو پێش ببات. هاوکات گوتیشی: دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و ناوچەکە.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24، رایگەیاند، وێبسایتی ئینڤێست کوردستان لەئەمڕۆوە کەوتە کار وەبەرهێنەران دەتوانن لە رێگەی ئەو وێبسایتە زانیاری لەسەر وەبەر‌هێنان لە کوردستان وەبگرن و داواکاری پێشکەشبکەن بۆ وەبەرهێنان.

هەروەها راشیگەیاند، "لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا تێکڕای ئەو زانیارییانەی لە سەرجەم کەرتە ئابووریەکان لە هەرێمی کوردستان بە دەرفەتەکانی وەبەرهینان بە هەموو زانیارانی کە پێویستن بۆ پەرەپێدانی کەرتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەناو ئەو وێبسایتە جێدەکەینەوە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: دەمانەوێت سوود لە وەبەرهێنەری ناوخۆیی و  بیانی وەربگرین، هەروەها دەمانەوێت کوردستان لە بواری وەبەرهێنان زیاتر بەرەو پێش ببەین و زیاتر خزمەتی کوردستان و هاووڵاتیان بکەین، ئامانجیشمانە لەوەی بەرهەمی زیاتر بەدەسبخەین و دەستی کاری ناوخۆیی لە پڕۆژەکان زیاتر بێتن.

گوتیشی: کوردستان شوێنێکی جیایە پڕ سەرچاوەی سامانی سروشتییە، هەروەها ئەو تیمەی کە ئینڤێست کوردستانیان دروستکردووە ئەو گەنجە کوردانەن کە زۆر لێهاتوون، ئێمە بڕوامان بە خەڵکی خۆمان هەیە و دەتوانن گۆڕانکاری دروستبکەن و کوردستان زیاتر بەرەو پێش ببەن.

لەبارەی سێکتەری کشتوکاڵ، محەممەد شوکری، ئاماژەی بەوەکرد، لەرووی کشتوکاڵی کوردستان شوێنێکی زۆر گونجاوە ئاو و کەشوهەوای باشی هەیە و خاکێکی بە پیتی هەیە، دەمانەوێت کوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراک نەک تەنها بۆ عێراق بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی عەرەبی.

باسی لەوەشکرد، ئامانجمانە رۆتین لە کوردستان نەمێنیت هەموو کاروبارەکان بە ئەلیکترۆنی بکرێت، لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان و بۆ کەسانی بیانیش کە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە کوردستان ئەنجامبدەن.

جەختی لەوەشکردەوە، هەموو ناوچەکانی کوردستان دەخرێنە سەر نەخشەی وەبەرهێنان.

رۆژی دووشەممە (19ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەبەست لە پلاتۆرفی ئینڤێست کوردستان بۆ ناساندنی دەرفەت و بوارەکانی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان کە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەکات بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە رێورەسمەکەدا کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێکخرابوو، ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و کونسول و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشداربوون، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە  کە هەموو هەوڵێک دەدەین تاکو وەبەرهێنەرانی  ناوخۆ و دەرەوە، متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن. گوتیشی  هەر زوو هەوڵمان داوە کە هەموو بەربەستە یاسایی و بیروکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. کاری زۆر کراوە، بەڵام دەزانین کاری زۆرتریش ماوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکەین.