چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکات هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت
K24 - هەولێر
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، لەجیاتی ئەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی حوزەیرانی 2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە تەواوکەری کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023ـی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنەکەیە لە هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوایانکردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2024 ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتی پێویستی بەردەستبێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکە بکات.
هاوکات پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایکردووە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە بڕیاروایە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، دوابخرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت رەوتی سەدریش بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکات، بۆیە داوا دەکات هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، کە ئەم داوایە لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتی یاسا و عەسایب ئەهلی حەقەوە رەتدەکرێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 18ـی حوزەیرانی 2023، نەبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدری گوتەبێژی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایەکی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەییشتووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و کۆمیسیۆنیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات".
وەکو ئەوەی نەبراس ئەبو سۆدە باسی کرد، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان کۆمیسیۆنەکە و لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رێکەوتوون لەسەر ئەوەی نابێت دوو هەڵبژاردن لەیەک کاتدا ئەنجام بدرێت، "چونکە کاریگەریی لەسەر کواڵێتیی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دەبێت و پێویستە هەڵبژاردنەکان بە شەفافی بەڕێوەببرێن."
رۆژی پێنجشەممەش 15ـی حوزەیرانی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، هەرچی زووە هەنگاو بنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان..