رووماڵ

لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ تورکیا

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، لەمبارەیەوە سیاسەتمەدار و شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن: پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا زۆر گرنگە، هەم بۆ بەرژەوەندی تورکیا هەم بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ــی حوزەیرانی 2023)، رۆژهاد ئامێدی، سیاسەتمەدار، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، هیوادارن ئەم سەردانە ببێتە هۆی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکییەوە.

هەروەها راشیگەیاند، ئەردۆغان و سیاستەمەدارەکانی تورکیا دەیانەوێت پەیوەندی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەن و بەرەو پێشی ببەن.

ئەو سیاستەمەدارە کوردە دەشڵێت: لایەنە کوردییەکان و لایەنە تورکییەکانی تورکیا دەڵێن ئەگەر قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات لە تورکیا دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردستانیش تێدا بەشداربن.

 

مستەفا شەفیق: تورکیا دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغیکی نوێ

شارەزایەکی کاروباری تورکیا، رایگەیاند، ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانێکی پڕ دەستکەوت و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان. هاوکات گوتیشی: تورکیا دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغیکی نوێ.

مستەفا شەفیق، شارەزای کاروباری تورکیا، رایگەیاند، تورکیا ئێستا لەناو قەیرانێکی گەورەی ئابووریدایە و دەسەڵاتدارانی حکومڕانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت سەرەتای کاری ئەم کابینەیان ئەم قەیرانە ئابووریە تێپەرێنن، هەروەها هەرێمی  کوردستان لەسەر پرسی وزە دەتوانێت ببێتە هاوکار بۆ ستراتیژی نوێی تورکیا.

هەروەها راشیگەیاند، لە بواری ئابووری هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی ستراتیژی تورکیایە.

 

حەسەن ئەحمەد مستەفا: ئێمە چەندە پێوسیتمان بە تورکیا هەیە تورکیا زیاتر لەوە پێوستی بە ئێمە هەیە

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا پەیوەندین لەگەڵ هەموو جیهان. گوتیشی: ئێمە چەندە پێوسیتمان بە تورکیا هەیە تورکیا زیاتر لەوە پێوستی بە ئێمە هەیە.

حەسەن ئەحمەد مستەفا، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ کوردستان24، گوتی: چیدیکە هەرێمی کوردستان مل نادات بۆ بڕیارەکانی بەغدا، بۆیە دەبێت زەمینەسازی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت، هەروەها "قفلی نەوتەکە لە دەستی خۆماندایە بە ناردن یا نەناردن".

راشیگەیاند، "هەر هەناردەکردنێکی نەوت لە بەرژەوەندی ئێمە و عێراقدا بێت با بچێت، بەڵام لە بەرژەوەندی ئیمەدا نەبێت هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەم ناردنە قبوڵنەکات".

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان یەکێک لەو ئەرکانەی لەسەر شانێتی پەرەپێدانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پەیوەندی هەیە بەو یاسایانەی کە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ماف بە هەرێمی کوردستان دەدەن.

گوتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەیری تورکیا دەکەن، کاتێک سەرۆک بارزانی ئاڵای کوردستانی بردە تەنیش ئەردۆغان ئەو ئاڵایە ئیدی چووە هەموو جیهان، ئەمە بووەی هۆی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاڵاکە قبوڵبکات و دایبنێت.

حەسەن ئەحمەد مستەفا، باسی لەوەشکرد، کاتێک سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، گفتوگۆ لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدان دەکات. دوای ئەوە دەرگای هەموو جیهانی بەروودا دەکرێتەوە.

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دووپاتیکردەوە، ئێمە چەندە پێوسیتمان بە تورکیا هەیە تورکیا زیاتر لەوە پێوستی بە ئێمە هەیە.

 

شوان زوڵاڵ: ئەمە سەردانێکی گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی نەوت

شارەزایەکی بواری وزە، رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجارە بووەتە بەشێک لە گفتوگۆکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت. هەروەها دەشڵێت: سەردانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی سەردانێکی گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی نەوت.

شوان زوڵاڵ، شارەزای بواری وزە، رایگەیاند، نزیکەی 3 مانگە هەناردەی نەوت بۆ تورکیا وەستاوە، ئەمەش یەکەمجارە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بووەتە بەشێک لە گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە .

راشیگەیاند،  سەرۆکی کۆماری تورکیا دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت.

ئەو شارەزایەی بواری وزە، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بازرگانی زۆری هەیە بۆ تورکیا، لە راوەستانی بازرگانی نێوانیان هەرێمی کوردستان راستە تا رادەیەک زیانمەند دەبێت، بەڵام زیانی تورکیا زیاترە لە هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، کێشەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت جیا لەوەی کە تەکنیکییە زیاتر کێشەکە سیاسییە، هەروەها حکومەتی عێراق و تورکیا پەلەیانە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

شوان زوڵاڵ، ئاشکراشیکرد، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بۆ تورکیا، سەردانێکی گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی نەوت.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی تورکیا خواست.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کرا.

هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنە و فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھاریکاری و هەماهەنگیی لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.

ئەمڕۆ سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش گەڕایەوە هەولێر.

هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومه‌وه‌ و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد."

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: "گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد."

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکاندا " گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت."

لەلایەن خۆیەوە، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی سەردانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ برەودانە بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، سەردانەکەش دەرفەتێک دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق.

ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەبێتە سێیەمین سەردانی فەرمیی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو وڵاتە. رۆژی (28ـی تشرینی دووەمی 2019)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم سەردانی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجامدا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، "به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاومان به‌دیهێنا له‌باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌ بازرگانییه‌كان و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌".

رۆژی هەینی (15ـی نیسانی 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جاری دووەم بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە 28ـی ئایاردا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023)، لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد و هەمان رۆژیش کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد.