سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ‏‏بە گشتی و دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانیان تاووتوێكرد.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 21ـی حوزه‌یرانی 2023)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و هانس سادنی باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق، پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ‏‏هۆڵەندا، دوایین پێشهات و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ‏‏بە گشتی و دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و ‏‏گفتوگۆ.‏

نێچیرڤان بارزانی وێڕاى پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی هانس سادنی باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق، هیوای سەركەوتنی ‏‏بۆ خواست و پشتگيريى هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكانی نیشان دا، ‏‏هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی هۆڵەندای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد ‏‏بەتایبەتى لە بواری هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری و پێشخستنی كەرتی ‏‏كشتوكاڵدا.‏

لاى خۆيه‌وه‌ باڵیۆزی هۆڵەندا، دووپاتىكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى وڵاته‌كه‌ى‌ ‏پابه‌نده‌ به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكى ‏گرنگ و فيدراڵى، هه‌روه‌ها بەردەوامیی ‏هاوكارییەكانی بۆ سەقامگیریی عێراق و ‏هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ‏هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاوارە و ‏پەنابەران بەرز نرخاند.‏

تاووتوێكردنی دۆخی مافی مرۆڤ، كاری رێكخراوە ناحكومییەكان لە عێراق و ‏‏هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی ‏‏دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە كونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ‏‏ئامادەی بوو.

Fly Erbil Advertisment