راگەیەندراوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شەڕەکەی زڕگوێز
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات

K24 - هەولێر:
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوای هێورکردنەوەی ئەو دۆخە دەکات کە ئەمڕۆ لە سنووری گوندی زڕگوێز لەنێوان زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دروستبوو.
بەیانی ئەمڕۆ لە گوندی زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی شەڕ لەنێوان هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویدا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی لەبارەی گرژییەکانی نێو ریزەکانی کۆمەڵە بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و رێگا نەدەن دۆخەکە لەوە تاڵتر و ئاڵۆزتر بێت.
ناوەندی بەڕێوەبەریی ئەو حزبە راشیگەیاند، ئەوەی رووی دا رێگەچارەیەکی شیاو نییە بۆ چارەسەری گرفتەکان و نە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵە و نە لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورد دایە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوەکەیاندا، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لەپێناو پێشگرتن لە هەر ئاڵۆزییەکی دیکە.