عودەی عەبادی: لە مووسڵ 4 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون

عودەی عەبادی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری لە مووسڵ
عودەی عەبادی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری لە مووسڵ

K24 – نەینەوا:

 بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری لە مووسڵ، رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا چوار کەس تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون لە شارەکەیان. دەشڵێت، چەندین رێنمایی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون بڵاوکردووەتوە.

عودەی عەبادی، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری لە مووسڵ، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، چەندین رێنمایی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوونیان بڵاووکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا چوار کەس تووشی نەخۆشییەکە بوونە.

راشیگەیاند، تیمەکانیان لە ڤێتێرنەری هەڵدەستن بە رشاندنی ئەو شوێنانەی کە ئاژەڵی لێ بەخێودەکرێت، لەگەڵ کوشتارگەکانی ئاژەڵان، هەروەها جەختی لەسەرئەوەشکردەوە، بە گوێرەی رێنماییەکانیان تەنیا دەبێت لە کوشتارگەکان ئاژەڵەکان سەرببڕدرێن.

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).