د. نووری عوسمان: پارتی هەموو ئامادەییەکی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن

د. نووری عوسمان
د. نووری عوسمان

K24 - هەولێر

د. نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی وەکو دەستپێکێکە، چونکە لەم کاتەدا ئێمە لەناو بۆشایی دەستووریداین رەنگە هەنگاوەکان چڕتر ببنەوە.

د.نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی وەکو دەستپێکێکە، چونکە پێشتریش زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە کراوە، بڕواش ناکەم بەیەک کۆبوونەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام لەم کاتەدا کە ئێمە لەناو بۆشایی دەستوریداین رەنگە هەنگاوەکان چڕتر ببن".

گوتیشی: "جگە لەبابەتی هەڵبژاردن تاوتوێی بابەتی یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی و پاراستنی یەک ریزی میللەتی کورد دەکرێت، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە.

رساشیگەیاند: "پارتی و شەخسی سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1991 دا بانگەشەی هەڵبژاردنی کردووە، هەروەها لەسەر داوای لایەنەکان رازی بوو هەڵبژاردنەکان لە یەک بازنەیی بکرێتە چوار بازنەیی و هەموو ئامادەییەکی نیشان داوە، هەتا لەسەر بابەتی پێکهاتەکان پارتی گوتی، پێکهاتەکان چۆنیان پێ باشە باوابێت، ئەمڕۆش هەڵبژاردن بکرێت لە سبەی باشترە".

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەمساڵدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ناتوانین کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کارابکەینەوە، بۆیە دەبێت کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بێت پرۆسەکە ئەنجام بدات، هەروەها سەرۆکی هەرێم هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ، ئەگەر بێتو هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوابخرێت، رەنگە بتوانرێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەروەها  حکومەتی هەرێمیش هەموو ئامادەکاری و ئاسانکاریەکی نیشان داوە و بودجەی پێویستیشی بۆ پرۆسەکە تەرخان دەکات.