نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی یادی 242 ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 242ـەمین ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی شارەکە و دانیشتووانی دەکات و بە "ناوەندێکی داهێنان و تێکۆشانی گەلی کوردستان" ناوی دەبات.

ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە بڵاوکردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 242ـەمین ساڵیادی بنیاتنانیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی شاری سلێمانی، مەڵبەندی ئەدەب و هونەر، پایتەختی رۆشنبیری و تەواوی دانیشتووانی خۆشەویستی دەکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، سلێمانی هەمیشە ناوەندێکی داهێنان و تێکۆشانی گەلی کوردستان بووە. هاوکات هیوای گەشەسەندن، ئاوەدانی و ئارامیی زیاتر بۆ شاری سلێمانی و سەرتاسەری کوردستان دەخوازێت.

شاری سلێمانی لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 لە لایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە لە نزیک گوندی مەڵکەندی بنیات نرا و وەک پێنجەم و دوا پایتەختی میرنشینی بابان لە دوای قەڵاچوالان ناسێنرا، هەروەها وەک رێزێک بۆ باوکی (سلێمان پاشا)، شارەکەی ناو نا سلێمانی.

سلێمانی جگە لەوەی مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی و رۆشنبیری بووە و زمانی خوێندن و نووسین بە شێوەزاری سۆرانی تێیدا پەرەی سەندووە، لە نێوان ساڵانی 1922 تا 1924 پایتەختی حکوومەتی کوردستان بووە لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیددا و لە مێژووی کوردستانیشدا لانکەی چەندین شۆڕش و راپەڕین بووە.

ساڵانە لە 14ی تشرینی دووەمدا یادی دامەزراندنی شارەکە بە چالاکیی کولتووری و هونەری دەکرێتەوە، لە ساڵیادی 242 ساڵەی ئەمساڵیشدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە حەوشەی سەرا، گەڕەکە کۆنەکان و پارکی هەواری شار بەڕێوە دەچن، لەوانە هەڵپەڕکێ، پێشانگای فۆتۆگرافی و رواندنی 242 نەمام بۆ سەوزکردنی ژینگەی شارەکە.