چیا قاسم: دووەم رۆژی جەژن نوێنەری 10 کۆمپانیای گەشتیاری ئەڵمانیا سەردانی هەڵەبجە دەکەن

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، رایگەیاند،  زیاتر لە 36 ناوچەی گەشتاریی دڵڕفێن هەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. دەشڵێت: دووەم رۆژی جەژن نوێنەری 10 کۆمپانیای گەشتیاری وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (26ــی حوزەیرانی 2023)، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە لە 1ـی حوزەیران بۆ 1ـی ئەیلوول، رێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران روو لەناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن، هەروەها لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە زۆر گرنگی بە یاری سافاری و سەرکێشییەکان دەدرێت، بەهۆی ئەوەی ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە ناوچەی شاخاوین.

راشیگەیاند، لە پلانیان دایە بۆ وەرزی پایز چەند ڤیستیڤاڵێک ئەنجامبدەن. گوتیشی: ئەمساڵ بۆ ئێمە زۆر گرنگە گەشتیارمان لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپاوە بۆ هاتووە، هەروەها هاتنی گروپی گەشتیاری یەکێكە لە رێگا سەرەکییەکانی سەردانی گەشتیاران بۆ ناوچەکەمان.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، دەڵێت: رۆژی 30ـی حوزەیران کە دەکاتە دووەم رۆژی جەژن نوێنەری 10 کۆمپانیای گەشتیاری وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی هەڵەبجە دەکەن.

باسی لەوەشکرد، ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەێن بۆ شارەکە کاریگەریەکی باشیان هەیە لەسەر کەرتی ئابووری، هەروەها گەشتیارانی بیانی سەرسامبوونە بەو پێشوازی و سەقامگیریەی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان.

لەبارەی پرۆسەی وەبەرهینان لە کەرتی گەشتیاری لە پاریزگای هەڵەبجە، چیا قاسم، گوتی: پەیوەندی راستەوخۆمان هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، سەرجەم ئەو سێکتەرانەی گەشتوگوزار کە خۆی دەبینیتەوە لە هۆتێل، مۆتێل، رێستورانت، تەلەفریک و زۆر یاری سەرکێشی، نزیکەی 15 سێکتەرە، هەمووی بە کتابی فەرمی ئاڕاستەی دەستەی وەبەرهێنانی هەڵبەجەمان کردووە ئەوانیش داخڵی رێبەری وەبەرهینانیان کردووە بۆ هەلەکانی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی لە هەر وڵاتێک بێت بتوانێت لەو سێکەتەرانەی گەشتوگوزار لە پارێزگای هەڵەبجە وەبەرهێنان ئەنجامبدات.

سەبارەت بە دانانی رێبەری گەشتیاری، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا، پڕۆپۆزەڵمان ئامادەیە بۆ هەر چوار وەرزە بە هەر 3 زمانی کوردی،عەرەبی و ئینگلیزی، هەروەها کورتەیەک لە مێژووی ناوچە گەشتیارییەکانمیشی تییدا نووسراوە و سەرجەم ناوچە گەشتیاریەکانیش تیایدا ئاماژەپێکراوە، "چاوەرێین لایەنێک سپۆنسەرمان بکات و ئەو پڕۆژەیەمان بچێتە بواری جێبەجێکردن".

Fly Erbil Advertisment