ئەمڕۆ حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە دەبن

کێوی عەرەفە
کێوی عەرەفە

K24 - هەولێر

حاجیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە چیای عەرەفات لە نزیک مەککە پیرۆز دەستیان بە نوێژ و دوعاکردن کردووە، لەو رێوڕەسمەی حەجدا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکرێت، ئەگەرچی کەشوهەوایەکەی زۆر گەرمە.

ئەو دوو ملیۆن حاجییە شەوەکەیان لە کەمپەکانی دۆڵی مینا بەسەر بردووە، کە حەوت کیلۆمەتر لە مزگەوتی حەرام لە شاری مەککە دوورە،و پیرۆزترین شارە بۆ موسڵمانان.

لە کاتژمێرەکانی سەرەتایی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا، حاجییەکان بەرەو ناوچەی عەرەفات رۆیشتن، کە پێغەمبەر محەممەد(د.خ) دوا وتاری خۆی لەو شوێنە پێشکەش کرووە، بۆ ئەنجامدانی گەورەترین پایەی حەج.

حاجییەکان بە درێژایی رۆژ لە یەک شوێن دەمێننەوە و نوێژ و دوعا و قورئانی پیرۆز دەخوێنن و زۆرێکیان سەردەکەون بۆ چیای رەحمەت (عەرەفە) و لەنێو بەردەکانیدا دادەنیشن.

دوای خۆرئاوابوون، حاجیان بەرەو موزدەلیفە بەڕێدەکەون کە نیوەی رێگای نێوان عەرەفات و مینایە، لەوی دەمێننەوە دەخەون، دواتر لە رۆژی چوارشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، بەردبارانکردنی جەمەرات (شەیتان) دەست پێدەکات.

مامۆستایەکی میسری ناوی تەسنیم جەمالە و تەمەنی 35 ساڵە، هێشتا باوەڕی بەوە نییە کە ئەمساڵ لەنێو زیارەتکاراندایە، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵەکانی پێشووی شکستی هێنابوو. ئەو دەڵێت "ناتوانم وەسفی هەستەکانم بکەم، بە خۆشییەکی زۆرەوە دەژیم"،

جەمال کە لەگەڵ هاوڕێکانی چووەتە مەککە، سوودی لە بڕیاری دەسەڵاتدارانی سعودیە وەرگرت بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرجی هاوەڵی پیاو و ئافرەتان.

ئەمساڵ فەریزەی حەج بەبێ هیچ سنووردارکردنێک لەڕووی ژمارە و تەمەنی حاجیانەوە بەڕێوەدەچێت، دوای سێ ساڵ لە رێکخستنی حەجێکی سنووردار بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

فەریزەی حەج یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە ئاینییە ساڵانەی جیهان، هەروەها لە پێنج ئەرکەکانی ئیسلامدایە و هەر موسڵمانێک توانای ئەنجامدانی هەبێت دەبێت لانی کەم جارێک ئەو فەریزەیە ئەنجامبدات.

لە ساڵی 2019دا، نزیکەی دوو ملیۆن و نیو موسڵمان لە هەموو جیهانەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمەکانی حەج کردووە. بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی سعوودیەی ناچارکرد ژمارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە، بۆیە لەساڵی 2021 تەنها 60 هەزار کەس و دانیشتووانی ناوخۆ بەشدارییان لەو رێوڕەسمەدا کرد، لەکاتێکدا لە ساڵی 2020دا چەند هەزارێک بوو، هەروەها لە ساڵی 2022دا 926 هەزار حاجیان بەشداربوون.

زیارەتکاران رێوڕەسمەکان ئەنجام دەدەن، بەشێکی زۆریان لە دەرەوە، لەژێر خۆری گەرمدا و لە کەشێکی تاقەت پڕوکێندا، کە زۆرجار دەبێتە هۆی جەڵتەی گەرما و حاڵەتی ماندوێتی جگە لە وەستانی ماسولکەکانی دڵ، بە جۆرێک هەندێک جار مۆبایلە زیرەکەکان لەکارکردن دەوەستن.

سبەی رۆژی چوارشەممە، حاجیەکان بەشداری لە بەردبارانکردنی جەمەرات دەکەن، کە دوا رێوڕەسمی حەج کردنە دواتر سوڕانەوەی ماڵئاوایی بەدەوری کەعبەدا دەکەن( تەواف ئەلوەداع).

Fly Erbil Advertisment