یەکەم حاجی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد

وێنەی ئەو حاجییەی گیانی لەدەستداوە
وێنەی ئەو حاجییەی گیانی لەدەستداوە

K24 - هەولێر:

یەكێک لەو حاجییانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتبوو، ئێوارەی دوێنی دوای تەواوکردنی رێوڕەسمی ئایینی و گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە بە جەڵتەی دڵ لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەشی هەر لە شاری مەککە بەخاک دەسپێردرێت.

ئەو حاجییە ناوی حەسەن ئەمین خەلیلۆیە و مامۆستای زانکۆ بووە، بە رەچەڵەک عەرەبە و خەڵکی پارێزگای ئدلیبی سووریایە، بەڵام بەهۆی چالاکیی سیاسیی و ئۆپۆزیسیۆن بوونییەوە دانیشتووی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بووە.

دکتۆر حەسەن خەلیلۆ رۆژی 16ی ئەم مانگە لەگەڵ 663 حاجییانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن، کە  نزیکەی 13 ساڵە حاجییانی سووریا ناتوان لە وڵاتی خۆیانەوە گەشتی حەج بکەن.

رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2023، کە دەکاتە نۆیەم رۆژی مانگی زیلحجە، حاجییان لەسەر کێوی عەرەفە وەستان بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین روکنی فەریزەی حەج و دوێنێ شەویش لە موزدەلیفە مانەوە، هەروەها ئەمڕۆ دەستیانکرد بە جێبەجێکردنی ئەرکی رەجمکردن.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە گەیشتووەتە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی و ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە لەبارەی رەگەزنامەی حاجیانی ئەمساڵەوە، 346 هەزار و 214 حاجی لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە چوونەتە سعوودیە و ملیۆنێک و 56 هەزار و 317 حاجیش خەڵکی وڵاتانی ئاسیان بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان و 221 هەزار و 863 حاجیش لە وڵاتە ئەفریقییەکانەوە بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان ئەمساڵ فەیرزەی حەج ئەنجام دەدەن. هاوکات، 36 هەزار و 521 حاجیش لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە ئێستا لە سعوودیەن.

لەبارەی شێوازی گەشتکردنی ئەو حاجیانە، دەستەی ئاماری سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، ملیۆنێک و 593 هەزار و 271 حاجی لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە سعوودیە و 60 هەزار و 813 حاجیش لە رێگەی وشکانی و شەش هەزار و 831 حاجیش لە رێگەی دەریاییەوە گەشتی ئەو وڵاتەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستانیش کە ئەمساڵ فەیرەی حەج ئەنجام دەدەن، بریتییە لە چوار هەزار و 685 حاجی.