خەیری عەلی: زیاتر لە 41 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆکیان کردووە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، رایگەیاند، هەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە شاری دهۆک. دەشڵێت: زیاتر لە 41 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆکیان کردووە

خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تا کۆتای جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی شاری دهۆک بکەن.

بەڕیوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، دەشڵێت: رۆژانە بەردەوام سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەم بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەم لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری ناوچەکان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان.

ئاماژی بەوەدا، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە گەشتیارییەکانی شاری دهۆک لە ئاستێکی زۆر باش دایە.

خەیری عەلی، گوتی: رێستورانتەکان، مۆتێلەکان و هۆتێلەکان بەردەوام کراوەدەبن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

گوتیشی: لە پاریزگای دهۆک زیاتر لە 250 شوێنی گەشتیاری هەیە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، باسی لەوەشکرد، : زیاتر لە 41 هەزار گەشتیار سەردانی دهۆکیان کردووە بۆ ئەم جەژنە پێشبینی دەکرێت تا کۆتای جەژن رێژەکە بگاتە زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار.

لەبارەی دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان بۆ دروستکردنی گرووپی گەشتیاری، خەیری عەلی، گوتی: پێش دوو هەفتە کۆمپانیایەکی گەشتیاری تورکیا سەردانی دهۆکیان کرد، بۆ مەبەستی دروستبوونی هەماهەنگی لە نێوانمان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گروپی گەشتیاری بنێرن بۆ شارەکەمان و ئێمەش لە رێگەی ئەو گرووپەوە گەشتیار رەوانە بکەین بۆ وڵاتەکەیان.

گوتیشی: "کۆمپانیا گەشتیارییەکانمان لە پاریزگای دهۆک، کار بۆ ئەوە دەکەین، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتیارانی بیانی بهێنین بۆ هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، ئەوەشی خستەڕوو، پاش جەژنی قوربان شاندێکی گەورەی عێراق سەردانی دهۆک دەکات بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کەرتی گەشتیاری.

Fly Erbil Advertisment