سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە هێشتا بەهای دینار بەرزنەبووەتەوە

 K24 بەغدا:

سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای بودجە و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، بەڵام هێشتا بەهای دۆلار بەرزە بەرامبەر بە دیناری عێراق، هاووڵاتییان چاوەڕوانبوون پەسەندکردنی یاسای بودجە کاریگەری ئەرێنی دروست بکات و بەهای دینار بەرزببێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی بەهای دینار هەر لە ئاستێکی نزمدایە نیگەرانی لەلایەن هاووڵاتییان و کاسبکاران دروستکردووە.

بەهۆی ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار زۆربەی نووسینگەکانی دراو لەبەغدا،  داخراون و ترسیان لەزیانی گەورە ئابووری هەیە، لەبەرامبەریشدا کاردانەوەی لەسەر شەقامی عێراقیش دروستکردووە. لەو چوارچێوەیەدا، کامیل محەمەد، هاووڵاتی، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، "بازار بەشێوەیەکی زۆر خراپ داڕووخاوە هۆکارەکەشی بۆ ناجێگیری بەهای دینارە، چاوەڕێی بودجەمان دەکرد بۆ ئەوەی بازاڕ باشبێت کەچی خراپتر بوو و دیناریش بەها کۆنەکەی نەگەڕایەوە".

لەلایەکی دیکە، عەباس جبوری، شارەزای ئابووری، گوتی: "بەلایەنە سیاسی و حزبیەکانەوە دەستیان هەیە لەناجێگیری بەهای دینار، چونکە سوودی لێ دەبینن لەرێگای مەزادی دراو کە یاری بەملیاران دینار دەکەن، هەروەها کورتهێنانیش لە بودجەدا بەشێکی دیکەی کێشەکەیە".

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.