حەلبووسی: سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز ھەڕەشە لە پێکەوەژیانی نێوان کۆمەڵگاکان دەکات

K24 - هەولێر
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز کە "بە بیانووی ئازادی رادەربڕین" لە سوید روویدا، سەرکۆنە دەکەن. دەشڵێت "سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز ھەڕەشە لە پێکەوەژیانی نێوان کۆمەڵگاکان دەکات".
محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی بە رەچەڵەک عێراقی لە وڵاتی سوید، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسیوویەتی "ئەو سوکایەتییەی کە بە قورئانی پیرۆز لەژێر ناونیشانی ئازادی رادەربڕیندا لە سوید روویدا سەرکۆنە دەکەین، چونکە ئەو کارە، مافی موسڵمانان پێشێل دەکات".
حەلبووسی ئاماژەی بەوەش داوە، سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، ھەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان کۆمەڵگاکان دەکات و رایگەیاندووە "دوای دەکەین ھەڵوێستێکی جیددی لە جیھان بۆ ریگرتن لە سووکایەتیکردن بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز بگیرێتەبەر".
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."