راپۆرتێک: تورکیا زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانی لە رووسیا و عێراق و کازاخستانەوە هاوردە کردووە

K24 - هەولێر
هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان بۆ تورکیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، بە رێژەی سەدا 10.9 کەمی کردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 537 هەزار و 478 تۆن.
بەگوێرەی راپۆرتی "کەرتی بازاڕی نەوت"ی مانگی نیسانی دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، هاوردەکردنی نەوتی خاو کە گرنگترین بەشی بەرهەمە نەوتییەکانە، بە رێژەی سەدا 33.7 کەمی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 998 هەزار و 739 تۆن.
لەم قۆناغەشدا هاوردەکردنی جۆرەکانی ماتۆڕ، بە رێژەی سەدا 61 زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 57 هەزار و 792 تۆن. باقی بەشەکانی دیکەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش تایبەتن بە سووتەمەنی جۆرەکانی فڕۆکە و کەشتی، بەنزین و جۆرەکانی رۆنی ئۆتۆمبێل.
بەم شێوەیەش هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا 10.9 کەمی کردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 537 هەزار و 478 تۆن.
زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانیش کە یەک ملیۆن و 869 هەزار تۆنە لە رووسیاوە هاوردە کراوە، دوای ئەویش عێراق بە 741 هەزار و 365 تۆن لە ریزبەندی دووەمدا دێت و بە دواشیدا کازاخستان بە 226 هەزار و 365 تۆن لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە تورکیا زۆرترین بەرهەمی نەوتی لێوە هاوردە کردوون.
لە بەرامبەریشدا هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە تورکیاوە بە رێژەی سەدا 85.9 کەمی کردووە و گەیشتووەتە 10 هەزار و 290 تۆن.
هاوکات هەناردەکردنی سووتەمەنییەکانی فڕۆکە کە لە مانگی نیساندا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا چوار زیادی کردووە و گەیشتووەتە 300 هەزار و 463 تۆن.
هەر لەو قۆناغەشدا هەناردەکردنی سووتەمنییەکانی کەشتی بە رێژەی سەدا 4.4 کەمی کردووە و گەیشتووەتە 321 هەزار و 8396 تۆن.
بەهەمان شێوەش هەناردەکردنی جۆرەکانی بەنزین بە رێژەی سەدا 97.5 کەمی کردووە و گەیشتووەتە پێنج هەزار و 787 تۆن.
لە بەرامبەریشدا هەناردەکردنی جۆرەکانی ماتۆڕ بە رێژەی سەدا 75.3 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 370 هەزار و 932 تۆن.