نووسراوێک بۆ خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەکرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، بە مەبەستی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم. بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت، پڕۆسەی خانەنشینکردنەکە سەرجەم پەرلەمانتاران دەگرێتەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، سامان ئەحمەد بەکر، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان نووسراوێک ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینکردن بکرێت، بەمەبەستی خانەنشینکردنی هەر 111 پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان."

وەکو ئەوەی بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان باسی کرد، بەپێی یاسای چاکسازی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کردووە، پڕۆسەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران، هەر 111 پەرلەمانتارەکە دەگرێتەوە، مەگەر پەرلەمانتارێک خۆی رەتیبکاتەوە خانەنشین بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە سەر کاری پێشووی.

پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامی هەیه که بە دەنگی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەر چوار ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن. شازده حیزب و لیست لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەشداربوون که له نوڤێمبەری ساڵی 2018 بەڕێوەچوو. فراکسیۆنی پارتی 45 کورسی، یەکێتی 21، بزووتنەوەی گۆڕان 12، کۆمەڵی دادگەریی حەوت، یەکگرتووی ئیسلامی پێنج، نەوەی نوێ چوار و لایەنەکانی دیکەش 17 کورسییان بەدەستهێنا.

لەبارەی مەرجەکانی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران، سامان ئەحمەد بەکر گوتی، هەر پەرلەمانتارێک تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، لە سەدا  25 تاوەکو 50ـی مووچەی ئێستای لەکاتی خانەنشینبوون وەردەگرێت. ئەگەر هەر پەرلەمانتارێکیش تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتربێت و کەمتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، کەمتر لە سەدا 25ـی خانەنشینی وەردەگرێت.  

وا بڕیارە رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، 18ـی تشرینى دووەمى 2023ى دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرلەوەى لە 30ى ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى خولی پێنجەمی پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" لەقەڵەم بدات.

هەرچەندە پێشتر پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەستیان لەکارکێشابووەوە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، دەستلەکارکێشانەوەیان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022  پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە