لاپۆرتا: ته‌نیا من و باوكی ده‌زانین بۆچی مێسی ئینته‌ر میامی هه‌ڵبژارد
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا له نوێترین چاوپێكه‌وتنی میدیایی دا ئاشكرای ده‌كات كه به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ باوكی، بڕیاردرا مێسی نه‌گه‌ڕێته‌وه بارسێلۆنا، ده‌شڵێت: له ئێستادا ئێمه خۆمان بۆ سووپرایزێكی گه‌وره بۆ ماڵئاواییكردنی مێسی ئاماده ده‌كه‌ین.
خوان لاپۆرتا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ لالیگا رێككه‌وتبووین بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه به سه‌رچاوه داراییه‌كانمان بكرێت و گرێبه‌سته‌كه‌ی مێسی رابگه‌یه‌نین، به‌ڵام مێسی ئینته‌ر میامی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به فشار نه‌كات.
لاپۆرتا ده‌شڵێت: من ده‌زانم بۆچی مێسی ئه‌م بڕیاره‌ی دا، خۆرخی مێسی هاته لام و گوتی: لیۆ له پاریس زۆر ناخۆشی و سه‌ختی بینیوه، ده‌یه‌وێت له قۆناغه‌كانی داهاتوو هه‌ست به ئاسووده‌یی بكات و فشاره‌كانی له‌سه‌ر كه‌م بێته‌وه، بۆیه به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بارسێلۆنا فشاره‌كانی له‌سه‌ر زیاد ده‌بێت، دواجار لیۆ ئینته‌ر میامی هه‌ڵبژارده بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هه‌ست به فشار نه‌كات.
لاپۆرتا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئه‌وان له‌م قۆناغه‌دا ته‌نیا سووپاسگوزاری مێسی ده‌كه‌ن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازن، ده‌شڵێت: به بۆنه‌ی 125 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌مانه‌وێت له كامپ نوو رێزلێنانێكی گه‌وره بۆ ماڵئاواییكردنی مێسی ساز بكه‌ین.
لاپۆرتا له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا ئاشكرای ده‌كات ئۆفه‌ریان بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له كریستینسن، گاڤی، پێدری، ئاراوخۆ، تێر شتیگن، ئانسۆ، رافینیا و باڵدی پێگه‌یشتووه، ده‌شڵێت: به‌ڵام ئێمه به نیازنین یانه‌كه‌مان بفرۆشین و هیچ نیه‌تێكمان نییه ده‌ستبه‌رداری ئه‌ستێره‌كانمان بین.
لاپۆرتا له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا نه‌یشارده‌وه له گواستنه‌وه‌ی ئۆریۆل ڕۆمیۆی ناوه‌راستكاری جیرۆنا نزیك بوونه‌ته‌وه، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ئه‌م یاریزانه وەرزێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ جیرۆنا بەسەر برد، پێشتر لە لا ماسیا بوو، وه‌رزی رابردوو رۆڵی سه‌ركردایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی له ته‌كنیكی جیرۆنا بینی.
لاپۆرتا له به‌رسیڤێكدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه كێشی زۆر زیاد بووه، ده‌شڵێت: من زۆر حه‌زم له سه‌ردانیكردنی پزیشك نییه، ده‌شزانم ده‌وروبه‌ره‌كه‌م زۆر نیگه‌رانن بۆ ته‌ندروستی من، به‌ڵام دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه ته‌ندروستیم باشه و ده‌ستم به ڕێجیم كردووه و ئێستا من خواردنی دایت ده‌خۆم، به‌یانیان وه‌كو پادشا نان ده‌خۆم، ئێوارانیش وه‌كو هه‌ژار و سواڵكه‌ر.
له باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه باس له‌وه ده‌كرێت گرژی و ناخۆشی له نێوان چاڤی و گواردیۆلا دروستبووه، لاپۆرتا ده‌ڵێت: چاڤی وەک کەسایەتییەکی گەورە لە بارسێلۆنا دەستی بە دەرکەوتن کرد و گواردیۆلاش یه‌كێك بووه له كاراكته‌ره گه‌وره‌كانی بارسێلۆنا، ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت ته‌نیا پەیوەندی بە ژینگە و چاپەمەنییەوە هەیە و دووره له‌راستی، هەندێک جار واپیشان ده‌ده‌ن کە ستایشکردنی چاڤی بە واتای وازهێنانە لەوەی گواردیۆلا کردوویەتی و ئەوەش وا نییە.