کوردستان24 ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش کەمێکی دیکە ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە گشت لقەکانییەوە رادەگەیەنێت و قوتابیانیش دەتوانن لە رێگەی کوردستان24ـەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.

بەگوێرەی ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ راگەیەیاندنی ئەنجامی ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەی گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ لقەکانی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، پاش کەمێکی دیکە لە ماڵپەڕی ئەزموونەکانەوە کە کوردستان24 لینکەکەی بڵاودەکاتەوە، ئەنجامەکان بەردەست دەبن بۆ قوتابییان کە دەتوانن بەگوێرەی کۆدی تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.

بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان، سەردانی ئەم لینکە بکە: https://azmwnakan.com/

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (3ـی تەمموزی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کورتەنامەوە، مژدەی سەرکەوتنی دایە قوتابییە یەکەمەکانی تاقیکردنەوەی وزاریی ئەمساڵی خوێندنی (2022-2023).

واشبڕیارە پاش کەمێکی دیکە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەی گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و یەکەمەکانی سەر ئاستی هەموو لقەکانی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) ئاشکرا بکات.

رۆژی شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا 27ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام بوو.

واشبڕیارە (6ـی ئابی 2023) خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەگشت لقەکانییەوە دەستپێبکات و هەفتەی داهاتووش وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی خشتەی خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 بە گشت لقەکانییەوە رابگەیەنێت.