بۆ یەکەمجار لە مێژوودا جلوبەرگی کوردی لە هەفتەی نمایشی دیزاین و فاشنی پاریس نمایشكرا
K24 – پاریس:
بەئامانجی ناساندنی جلوبەرگ و كولتووری رەسەنی کوردی لەرێگهی فاشن و دیزاین بە جیهاندا، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار بەرهەمەکانی دیزانەرێکی کورد بەشداری لەهەفتەی دیزاین و فاشنی پاریس كرد.
لارا دزەیی لهمبارهیهوه دەڵێت: دڵخۆشم و شانازی گەورەیە وەک کوردێک بڕاندە کوردییەکەم هاوشانی بڕاندە جیهانییەکان نمایش دەکرێت.
بەناوبانگترین ئەو بڕاندە جیهانیانەی لەهەفتەی دیزاین و فاشنی پاریس نمایش دەکرێن وەکو بڕاندی جیهانی ( دیۆر، فێندی، ڤالێنتینۆ، گوچی و جۆرجۆ ئارماندی ). لەهەمان کاتدا دەیان هونەرمەند و ئەکتەر و کەسانی بەناوبانگی جیهانی بەشداری دەکەن.
دیزاینەرە کوردەکە ئاشکرای دەکات، "دیزاین و چاپ و ستایلی تایبەت بەخۆم هەیە و رەنگدانەوەی هەستەکانمە بەرامبەر بەنیشتمان و میراتێکی دەوڵەمەند لەبواری جل و بەرگی کوردیدا".
لارا دزەیی خەڵکی باشوری کوردستانە و لەڤییەنا لەدایک بووە و لەئەمهریکا گەورەبووە. ماوەی چەند ساڵێکە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چەندین پیشەنگای لەناوخۆدا ئەنجامداوە، بەڵام ئەمجارە بڕیاریدا بەرهەمەکانی جلوبەرگی جوانی کوردی لە وڵاتانی جیهان نمایش بکرێت و بۆ ئەوەی خەڵکی جیهانیش ئاشنابکرێن بەم جلوبەرگانە.