روونکردنەوە لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرە دەدرێت

K24 – هەولێر:
روونکردنەوەیەکدا بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانی خاوەن قەرز و کەفیلەکان دەرچووە و لە بڕی ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەک لە سەر پێنجی مووچەی مانگانە دەبڕدرێت.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "سەبارەت بە رێنمایی دارایی ژمارە (9)ـی ساڵی 2023 تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە دەستەبەر (کەفیل)، پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی ئەنجامدراوە و لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی رەچاوی قەیرانی دارایی کردووە و ئاسانکاری زۆری پێشکەش کردووە بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی تەواو کراوە لە هەموو سزا کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی 15% بۆ کۆی گشتی قەرزەکان".
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی روونیکردووتەوە، رێنماییەکە لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانی خاوەن قەرزو کەفیلەکان دەرچووە و لەبڕی ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە رابگیرێت، لەمەودوا تەنها یەک لەسەر پێنجی مووچەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزار ئامادە نەبوو لەماوەی دوو مانگ قەرزە کەڵەکەبووەکانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بە یاسا و بڕیاری دادگا رێکخراوە، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەرن و بوونەتە کەفیلی هاووڵاتی و تەنیا بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش قەرزی خانووبەرە، نیشتەجێبوون و هاوسەرگیرییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی رێنماییەکە خاوەن قەرز ئیجبار نەکراوە لەماوەی دوو مانگەکە هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر کەس نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەکە بداتەوە دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی رێک بکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە کە لە مووچەکەی دەبڕدرێت.
بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی ئاگاداری هاووڵاتییانیش دەکاتەوە، هیچ گۆڕانکاریەکی جیاواز و بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان نەکراوە و کەسی کەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتییەی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بەپێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕییەکان دەسەڵاتی لێخۆشبوونیان لە هیچ بڕێکی قەرزەکە نییە.