ئالان حەمە سەعید: پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت رۆڵێکی گرنگی لەسەرخستنی پڕۆسەی خوێندن هەبووە
موسا ئەحمەد: دەزگای خێرخوازی بارزانی تا کۆتایی قۆناغەکانی خوێندن هاوکاری منداڵانی پڕۆژەی ئازیزان دەکات

K24 - هەولێر:
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، گووتیشی: پاڵپشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لەسەرخستنی پڕۆسەی خوێندن هەبوو، لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوەدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی هەموو هەوڵێک بۆ خزمەتی بواری پەروەردە دەدات.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و لە میانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، هەماهەنگییەکی زۆر باش لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردن و سەرخستنی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ هەبووە.
هەروەها راشیگەیاند، ئەمساڵ تەکنەلۆجیا و تەکنیکی پێشکەوتوو بەکارهاتبوو بۆ ئیدارەدانی شێوازی پرسیارەکان، بۆ ئەوەی بتوانین دادپەروەری پەیڕەو بکەین و نەهێڵێن مافی هیچ قوتابییەک بفەوتێ.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: هیوادارم ئەو قوتابییانەی لە خولی یەکەم دەرنەچوونە، لە خولی دووەم ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەن و سەرکەوتووبن.
ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەدا، مامۆستایان رۆڵێکی گرنگیان لەسەرخستنی پڕۆسەکە هەبوو، هەروەها بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بە نایاب وەسف دەکرێت، ئەمەش هەڵسەنگاندنی پەروەردەکاران و مامۆستایانە.
باسی لەوەشکرد، "پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان نامەم بۆ سەرپەرشتیاری هۆڵەکانی تاقیکردنەوە نارد، کە ئاگاداربن لەوەی پڕۆسەکە بەباشی بەڕێوەبچێت".
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە لەسەر پاڵپشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەرخستنی پڕۆسەی خوێندن. هەروەها گووتی: "رۆژێک پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان جەنابیان کۆبوونەوەی لەگەڵمان سازدا و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پڕۆسەکە راگەیاند".
گووتیشی: "هەموو ساڵێک سەرۆکوەزیران پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە قوتابیانی شنگال دەکات کە لە پارێزگای دهۆک بەشداری دەکەن لە تاقیکردنەوەکان کە ژمارەیان 745 قوتابی بوون.
ئالان حەمە سەعید، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمساڵ کەمترین کات ئینتەنێت نەبوو، لە دوو کاتژمێر بۆ دوو کاتژمێر و نیو زیاتری نەخەیاند، نەمانهێشت بارگرانی بکەوێتە سەر کۆمپانیاکان و فەرمانگە حکومییەکان بە پیادەکردنی تەکنینکی نوێ بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم".
لەبارەی جیاوازی قوتابخانە حکومییەکان و تایبەتەکان، ئالان حەمە سەعید گووتی: هەردوو قوتابخانە هاوشێوەی یەکتر بۆ ئێمە گرنگن، هیچ یەکێکیان لەسەر حیسابی ئەویدیان فەرامۆش نەکراوە.
گووتیشی: قوتابخانەی حکومی لە دواوە نییە و هەرگیز نەڕووخاوە و هەرەسی نەهێناوە، هەروەها ئاستی خوێندنی قوتابخانە حکومییەکان یەکێکە لە ئاستە باشەکان.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، قوتابخانە حکومییەکان بەردەوام گرنگییان پێدەدرێت و زۆرینەیان نۆژەندەکرێنەوە، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی گیروگرفتی قوتابخانە حکومییەکان لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی هەماهەنگین.
ئالان حەمە سەعید، سەبارەت بە کڕینی خانوو بۆ هەنار تەها، ئەو قوتابییەی کە یەکەمی وێژەیی بوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، گووتی: دوای فەرمانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ خانووەیەکی 250 مەتری لەسەر داوای خانەوادەی هەنار تەها، لە شوێنێکی چەمچەماڵ کڕی و سبەی گرێبەستی کڕینی خانوەکە واژوو دەکرێت و ئێوارەی ئەمڕۆ پەیوەندیم بە دایکی هەنارەوە کرد، بەبێ دوو دڵی گووتی، خانوەکە بەناوی هەنارەوە بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، رایگەیاند، لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە سەرۆک بارزانی گوتی، دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ سەرخستنی کەرتی پەروەردە.
هەروەها راشیگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی هەموو هەوڵێک بۆ خزمەتکردنی بواری پەروەردە دەدات.
لەبارەی پرۆژەی ئازیزان، سەرۆکی دەزگای خیرخوازی بارزانی گوتی: پرۆژەی ئازیزان، لەساڵی 2011 بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەستیپێکرد، هەروەها یەکێك لە مەرجەکانی ئێمە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە پڕۆژی ئازیزاندان، پاڵپشتیان دەکەین کە بەردەوامبن لە خوێندن و تاوەکو خوێندن تەواودەکەن هاوکاریان دەبین، هەروەها دوای ئەوەی لە پۆلی 12 نمرەی بەرز بەدەست دەهێنن خەڵاتی رێزلێنانیان پێدەبەخشین، جگە لەوەی کەلوپەلی گرنگیان بۆ دەکڕین بۆ ئەوەی لە زانکۆ لێی سوودمەندبن".
گوتیشی: دەزگا هەموو هەوڵێکی داوە رۆڵی باوک بگێڕێت بۆ ئەوانەیی کە باوکیان لەدەستداوە.