کوردۆ ئیحسان: لە دهۆک زیاتر گرنگی بە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری دەدەین

K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک رایدەگەیەنێت، لە پڕۆسەی وەبەرهێناندا تەرکیزیان خستووەتە سەر سێکتەری پیشەسازی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک، هاوکات دەشڵێت: لە دهۆک ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ لە قۆناغی تەواوبووندایە.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کاتژمێر 22:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ هەموو قەزاکان و شارەدێیەکانی پارێزگای دهۆک پڕۆفایلی وەبەرهێنانیان درووستکردووە، بۆ ئەوەی ئەوە سەرنجی وەبەرهێنەرانی ناوەخۆ و بیانی رابکیشرێت بۆ ئەو سێکتەرانەی کە دەیانەوێت وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامبدەن.
هەروەها راشیگەیاند، " لە پاریزگای دهۆک ئێمە لە پڕۆسەی وەبەرهێنان تەرکیزمان خستوەتە سەر سێکتەری پیشەسازی ،گەشتیاری و کشتوکاڵ.
لەبارەی وێبسایتی ئینڤێست کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، گووتی: "پرۆژەی وێبسایتی ئینڤێست کوردستان پڕۆژەیەکی زۆر گرنگی وەبەرهێنان بوو، لەو رێگەیەوە پڕۆفایلی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆکمان بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی بتوانن وەبەرهێنان ئەنجامبدەن لە گشت سێکتەرەکان".
گووتیشی: "لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری، گرگییەکی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆیی دراوە و توانراوە هەناردەی شارەکانی عێراق و دەرەوەش بکرێت".
جەختی لەوەشکردەوە، چەندین کارگە لە پارێگای دهۆک لە قۆناغی تەواوبووندایە، لەوانە کارگەی دۆشاوی تەماتەی دهۆک، کە دەبێتە هۆی خزمەتێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و گرنگی دان بە بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها بەم زوانەش کارگەی بەرهەمهێنانی کەرستەی پاککەرەوە لە دهۆک دەکرێتەوە.
سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری، کوردۆ ئیحسان، ئاماژەی بەوەدا، "چەندین ناوچەی گەشتیاری هەیە لە پارێزگای دهۆک گرنگییەکی زۆری پێدراوە، هەروەها هەوڵ دەدرێت لە رێگەی ناساندنی ئەو پڕۆژە گەشتیارییانەوە سەرنجی گەشتیاران رابکێشین بۆ ئەوەی رێژەیەکی زۆر سەردانی پاریزگای دهۆک بکەن"
.