بڕیارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ناڕەزایەتی کریستیانەکانی لێدەکەوێتەوە

K24 – هەولێر:
کشانەوەی مەرسومێکی سەرۆکایەتی لەبارەی کاردینال پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهان لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە، ناڕەزایەتی کریستیانەکانی لێدەکەوێتەوە و سەرۆک کۆماری عێراقیش روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەرایەتی کریستیانەکان، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک کۆماری عێراق کردووە و نووسیویەتی، "بەهۆی تۆوە مەسیحییەت لە مەترسییەکی گەورەدایە".
لە پەیامەکەیدا، ئانۆ جەوهەر رەخنە لە هەڵوێستی سەرۆک کۆماری عێراق گرتووە کە لەبری ئەوەی ببێتە پەناگەی کریستیانەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بووەتە بەشێک لە ئەزیەتدانیان و کەوتووەتە داوی ئەوانەی کە دەیانەوەێت کە ئازاری زیاتری کریستیانەکانی عێراق بدەن و لە ساڵی 2003ـەوە پێشینەی ترسناکی لەوجۆرەیان نەبینیوە.
ئانۆ جەوهەر نووسیویەتی، کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، نوێنەرایەتی هەرە زۆرینەی کریستیانەکانی عێراق دەکات و ئەو بڕیارەی سەرۆک کۆماریش بۆ کشانەوەی مەرسومەکە، هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بەوەشکردووە، دژایەتیکردنی بێ بیانووی پاتریارکی کلدانی و هەوڵەکانی بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق کە بەشێوەی ستەم کورسی کۆتای کریستیانەکانیان بردووە، لەگەڵ هەوڵەکانی سەرکردەیەکی میلیشیا کە نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات بەڵام بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو پارتەی سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتی دەکات، سەرۆک کۆمار ئەو مافە بەخۆی دەدات هێزی دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە دژی کۆنترین کڵێساکانی عێراق کە مێژووەکەی بۆ سەدەی یەکەمی زایینی دەگەڕێتەوە، بەکاربهێنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".
سەرتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.
هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.