ریاڵ مەدرید نوێترین هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئێمباپێ راگەیاند

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

ریاڵ مەدرید هەڵوێستی خۆی لەبارەی کیلیان ئێمباپێ راگەیاند و رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێکی پێش وەختەی لەگەڵ ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە کردبێت.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریاڵ مەدرید رەتیدەکاتەوە هیچ گرێبەستێکی پێش وەختەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ کردبێت، لەکاتێکدا پێشتر بەرپرسانی پاریس سانجێرمان زیاتر لە جارێک رایانگەیاندبوو، گومانیان هەیە ئێمباپێ و ریاڵ مەدرید رێککەوتنێکی ژێربەژێریان کردبوو بێت.

رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، بەرپرسانی ریاڵ مەدرید دووپاتیان کردووەتەوە هیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ ئێمباپێ نییە، تەنانەت هیچ هەوڵێکیان بۆ گواستنەوەی کیلیان نەداوە و ئەم هاوینە ئامادە نین 400 ملیۆن یۆرۆ بە ئێمباپێ بدەن لەکاتێکدا هاوینی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت.

کیلیان ئێمباپێ لەم هاوینە زیاتر لە جارێک دووپاتیکردووەتەوە، ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە و هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد یانەکە بەجێدەهێڵێت، لەکاتێکدا ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکە لە کاتی ناساندنی لویز ئێنریکی راهێنەری نوێی یانەکە دووپاتیکردەوە ئێمباپێ دەبێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە ئەگینا ئەم هاوینە دەیفرۆشن.

هاوینی رابردوو ئێمباپێ نزیکبوو پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید بکات و ریاڵ مەدرید دوو ئۆفەری پێشکەشی پاریس کرد، بەڵام یانە فەرەنسییەکە رەتیکردەوە و گرێبەستی ئێمباپێ نوێکردەوە.

Fly Erbil Advertisment