وەزیری دارایی تورکیا: لەبارەی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان پێشکەوتووین

K24 – ئەنقەرە
وەزیری گەنجینەی و دارایی تورکیا رایدەگەیەنێت، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو لە رووی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان پێشکەوتوونە.
محەممەد شیمشەک وەزیری گەنجینەی و دارایی تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاویان بۆ 15.9 ملیۆن خانەنشین و 4.9 ملیۆن فەرمانبەری گشتی لە ساڵی 2023دا بە دەستهێناوە.
نووسیویەتی "ئێمە ئاستی خۆشگوزەرانیمان بەرزکردووەتەوە بە زیادکردنی مووچەی مانگانە لە سەرووی هەڵاوسانەوە".
شیمشەک ئاماژەی بەوەشدا "بەراورد به کۆتایی ساڵی 2022 که مترین مووچەی فەرمانبەرانی حکومی به رێژەی له سەدا 141.8 و کەمترین مووچەی خانەنشینان به رێژەی له سەدا 114.3 زیادکراوە".
راشیگەیاند "برینەکانی کارەساتی بوومەلەرزەکەش ساڕێژ بوون"، هەروەها پێشبینی دەکات خەرجییەکانی پەیوست بە بوومەلەرزە لەمساڵدا 761.7 ملیار بێت، لەو چوارچێوەیەشدا دروستکردنی 179 هەزار خانوو لە ناوچەی بوومەلەرزەکە دەستیپێکردووە، پلانیان هەیە لە ماوەی ساڵێکدا 319 هەزار خانوو بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دروست بکەن.
شیمشەک ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ پاکێجی هاوبەشی نیشتمانی، ئامانجیان کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو تێچوونە زیادانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە دروست بووە، لەسەر بودجە کەمی بکەنەوە و "بە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان سیاسەتی دراو و سیاسەتی دارایی، پشتیوانی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسانی بانکی ناوەندی دەکەین".