داواکارییەکی نامۆ بۆ پارێزگاریکردن لە مێسی

لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكا
لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكا

پێدەچێت مایکڵ جۆردان ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا ببێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی لیۆنێل مێسی ئارجێنتینی و ئەستێرەی ئینتەرمیامی ئەمریکی، به‌وپێیه‌ی جۆردان یەکێکە لە گرینگترین و بەناوبانگترین وەرزشوانەکانی مێژوو، بەتایبەت لە ئەمریکا پێگەیەکی هەبوو تا ئێستا هیچ وەرزشوانێکی دیکە پێی نەگەیشتووە، ئەم ئەفسانەیە 20 ساڵە وازی لەیاریکردن هێناوە.

راهێنەرێکی خولی ئەمریکا کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، پێشنیازێکی نامۆی بۆ پاراستنی مێسی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی خولی ئەمریکا، داوای کردووە هەمان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ مێسی بکرێت کە لەگەڵ مایکڵ جۆردانی ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا دەکرا.

راهێنەرەکە لە لێدوانێکی بۆ پێگەی زە ئەتلەتیکی بەریتانی دەڵێت: پێویستە بەهەمان شێوەی جۆردان هەڵسوکەوت لەگەڵ مێسی بکرێت، هەر توند یاریکردنێک و لێدانێکی بچووکیش بە فاوڵ هەژمار بکرێت و ناوبژیوان دەستوەردان بکات.

رۆبێرت سیپیگا کە ناوبژیوانێکی ئەمریکییە، پاڵپشتی ئەم بابەتە دەکات و جەخت دەکاتەوە مێسی لەگەڵ تەواوی ئەستێرەکانی دیکە جیاوازە  کە لە خولی ئەمریکا یارییان کردووە، وەکو دەیڤد بێکهام و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ.

ناوبژیوانە ئەمریکییەکە هێما بۆ ئەوەش دەکات: وەکو ناوبژیوان ناخۆشترین شت ئەوەیە یاریزانێک دەبینی کەمترین بەهرەی هەیە، بەڵام ئازاری یاریزانێکی بە ئەزموونی وەکو لیۆنێل مێسی دەدات، پێدەچێت ئەم بابەتە تەنانەت ناوبژیوانەکانیش ئازار بدات.

فیلیپی لویس بەرگریکاری پێشووی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پێشتر لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: ئەوکاتەی مێسی لە بارسێلۆنا یاریی دەکرد لەلایەن راگەیاندنەکان و کۆمەڵەی لالیگاوە دەپارێزرا، دەشڵێت: ترسیان لەوە هەبوو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانییان لە مێژوودا تووشی پێکان بێت و یاریی نەکات.

Fly Erbil Advertisment