لە کابینەی نۆیەمدا خەرجییەکان کەمکرانەوە و داهاتەکان زیادکراون

K24 - هەولێر
لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گرنگی زۆر بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەسەر داهاتی پارێزگاکان دراوە و هەزاران پڕۆژەش لەو ماوەیە جێبەجێکراون.
دیار نەمانی داهات یەکێک بوو لە کێشە سەرەکیە سیاسییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە بەشێک لە داهات دیار نەدەما، قاچاخچێتیش بەردەوام بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاریدا بە کۆکردنەوەی داهات لە یەک سەرچاوە، ئەو بڕیارەس لە 11 ماددە پێکهاتووەو وەزارەتی دارایی سەرپەرستی کۆکردنەوە و خەرجکردنی داهات و بودجە دەکات.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ئەنجومەنی وەزیران رێککەوتنێک کرا و چەند بڕیارێکیش دەرچوو، لەمەودوا دەبێ هەموو داهات و خەرجی بگەرێتەوە وەزارەتی دارایی و لەوێوە بڕیاری لێ بدرێت و ئەولەویەتیش بدرێت بە مووچە، ئێستا ئێمە سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەین، بۆ ئەوەی میکانیزمی پێویست دەربکەین".
گوتیشی: "بەشێک لە هەژمارە لاوەکییەکان دادەخرێن ئەو بەشە داهاتەی لە وەزارەتەکان خەرج دەکرا دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی، لێرەوە بڕیار لە خەرجکردنی دەدرێت، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کابینەی نۆیەم و وەزارەتی دارایی".
یەکێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی داهات بووە بە شێوەی یەکسان و شەفاف بە ئامانجی سوودمەندبوونی هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.