پاکستان بۆ پڕکردنەوەی کەمیی گاز پەنا بۆ عومان و سعوودیە دەبات

حکوومەتی پاکستان رایگەیاند، بەهۆی جەنگەوە، گەیاندنی گازی سروشتی لە قەتەر بە بڕی نزیکەی 900 ملیۆن پێی سێجای رۆژانە وەستاوە؛ ئەمەش وای کردووە حکوومەت بڕی گازی بەردەست رێک بخاتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ.

عەلی پەروێز مالیک، وەزیری نەوتی پاکستان، لە دانیشتنێکی کۆمەڵەی نیشتمانیی وڵاتەکەدا گوتی: وەستانی دابینکردنی گاز لە قەتەر، کێشەی جددی بۆ دابینکردنی گازی ناوخۆ دروست کردووە؛ لە کاتێکدا پاکستان لە دابینکردنی وزە لە رێگەی سنوورە وشکانییەکانیشدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە و نرخەکانیش بەرز بوونەتەوە.

بەپێی قسەکانی وەزیری نەوت، نرخی گرێبەستی نێودەوڵەتی گازی شل، کە لەلایەن کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودییەوە دیاری دەکرێت، گەیشتووەتە 705 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، ئەم بەرزبوونەوەیەش کاریگەری لەسەر تێچووی سووتەمەنی و نرخی ئەو گازە دەبێت کە بەکارهێنەران دەیکڕن.

وەزیری نەوتی پاکستان هۆشداری داوە، نزیکبوونەوەی وەرزی زستان دەتوانێت داواکاری بۆ جێگرەوەکانی گازی سروشتی زیاتر بکات، بۆیە حکوومەت کار لەسەر ئامادەکردنی سیاسەتێک دەکات بۆ باشترکردنی دابینکردنی گاز و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی گازی چێشتلێنان، هەروەها پاراستنی خێزانە کەم‌ داهاتەکان لە کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخەکان.

لە هەمان کاتدا، پاکستان دەیەوێت رێگای جێگرەوە بۆ هاوردەکردنی گاز بدۆزێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ دەکات بۆ هاوردەکردنی گازی شلەکراو لە عومان و سعوودیە.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا دێن کە پاکستان هەوڵ دەدات کاریگەریی تێکچوونی دابینکردنی وزە لە دەرەوە کەم بکاتەوە و پێداویستییە ناوخۆییەکانی دابین بکات، بە تایبەتی لەگەڵ چاوەڕوانیی زیادبوونی داواکاری بۆ وزە لە مانگەکانی داهاتوودا.