لەبارەی کێشەی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا و نەبوونی کورسی بەتاڵ وەزیری خوێندنی باڵا روونکردنەوە دەدات
K24 – هەولێر:
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رایگەیاند، دوای گەیشتنی زانیارییەکان لەبارەی وەرگیراوان و رێژەی دەرچووان و ژمارەی کورسی خوێندنی باڵا لە زانکۆ حکومییەکان، لە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
ئەمڕۆ (11ـی تەمموزی 2023)، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی بوونی کێشەی وەرگیراوانی خویندنی باڵا لە زانکۆ حکومییەکان و نەبوونی کورسی بەتاڵ رایگەیاند، دوای گەیشتی زانیارییەکان لەبارەی وەرگیراوان و رێژەی دەرچووان و ژمارەی کورسی، لە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەسەر دەکەن.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، راشیگەیاند، ناهێڵن مافی کەس بفەوتێت و بەدواداچوونی تەواو دەکەن بۆ داواکاری قوتابییان.
ئارام محەممەد قادر، گووتیشی: "هەرکەسێک کyشەیەکی هەبێت دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و ئەوانەشی کێشەی یاساییان هەیە وەزارەت ئامادەیە پارێزەرێکی بۆ دابین بکات".
رۆژی (4ـی تەمموزی 2023)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامى بەرایی وەرگرتن بۆ خوێندن لە دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) پەسەندکرد.
دوای تهواوبونی قۆناغهكانی پرۆسهی پێشكهشكردن و ئهنجامدانی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی و رێکخستنى کێبڕکێ و پەیڕەو کردنى سیستمى خاڵبەندى بۆ پێشکەشکارانى خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستهر و دكتۆرا له زانکۆ حکومیەكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2023-2024)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامەکانى پەسەند کرد و لە رێگەی ماڵپەڕی زانکۆکانەوە ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە.
ههروهها وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مژدە دەداتە ئەو پێشکەشارانەى کە دهرفهت نهبووه بۆ ئهمساڵی خوێندنى (2023-2024) وهربگیردرێن بە هۆى نەمانى کورسی یاخود دەرنەچوون له تاقیكردنهوهی توانستى زانستی، به ههماههنگی لهگهڵ زانكۆ حکومیەکانى کوردستان ئامادهكاری دهكات بۆ ئهوهی له مانگی (9)ی ئهمساڵدا، خولێکى دیکەى پڕۆسهی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستهر و دكتۆرا له زانكۆكان دەستپێبکات.